ژووری بازرگانی سلێمانی دوو پڕۆتۆكۆڵی هاریكاری واژۆ دەكات

لە درێژەی كارو چالاكییەكانی وەفدی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕێكەوتی 9/1/2016 لە باڵەخانەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی ئەصفەهان دوای بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەڕێز عبدالوهاب سهل ئابادی سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەصفەهان‌و جێگرو ئەندامانی ژووری بازرگانی و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكان و نوێنەری پارێزگارو سەرۆكی پێشانگای نێودەوڵەتی ئەصفەهان و چەند بازرگان و پیشەسازێكدا، جەخت كرایەوە لە سەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی هەردوولاو كێشەو گرفتە بازرگانییەكان خرانە بەر باس و لێكۆڵینەوەو هەردوولا بەڵێنی چارەسەركردنیاندا.

 سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” لەشاری ئەصفەهان بۆزیاتر پتەوكردنی پردی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا پرۆتۆكۆلی هاریكاری لەنێوان هەردوو ژووردا واژۆكرا، كە بەپێ بەندەكانی پرۆتۆكۆڵەكە هەردوولا كارئاسانی بۆ بازرگانان‌و پیشەسازانی ژوورەكان بكەن‌و هەرگرفت‌و كێشەیەك لە نێوان بازرگانانی هەردوولادا دروست دەبێت هەوڵی چارسەری بۆ بدەن، هەردوو ژوور بازرگانان‌و پیشەسازانیان ئاگادار بكەنەوە لەو پێشانگایانەی لەهەردوو شار بەڕێوەدەچێت، پێشوازی لە شاندی بازرگانی یەكتر بكەن و كارئاسانیان بۆ بكەن”.

سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی وتیشی “دواتر پرۆتۆكۆڵێكی هاریكاری لەگەڵ پێشانگای نێودەوڵەتی ئەصفەهان واژۆكرا و بەپێی ناوەڕۆكی پرۆتۆكۆڵەكە بەرپرسی دەرەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی ئەصفەهان سەردانی شاری سلێمانی بكەن‌و ساڵانە پێشانگای تایبەت بەكاڵاكانی شاری ئەصفهان لە بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بكەنەوە”

سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی بەوەدەربڕی كە بەرپرسی بەشی ئەوروپای پێشانگای نێودەوڵەتی ئەصفەهان كە بارەگاكەی لە پاریسی پایتەختی فەرنسایە بەڵێنیدا كاربكات بۆ كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی‌و لە ڕێگەی نوسیگەی ئەوروپایانەوە كۆمپانیاو بازرگانانی ئەوروپی ئاگادار بكەنەوە بۆ بەژداریكردن لەو پێشانگایانەدا.