وەزارەتی كشتوكاڵ مانگا بە قەرز دەداتە جوتیاران

لەراپۆرتێكیدا وەزارەتی كشتوكاڵ رایدەگیەنێت بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی بەرهەمی ناوخۆیی بڕیاریانداوە مانگا بە قەرز بدەنە جوتیارانی هەرێمی كوردستان.

لە راپۆرتی ئەو وەزارەتەدا ئاماژە بە پرۆژەیەكی نوێ كراوە كە كۆمپانیایەك كارگەیەكی شیر دادەمەزرێنێ. وەزارەتی كشتوكاڵ 10 مانگا بەقەرز دەداتە هەر جووتیارێك، هەروەها تەویلە بۆ مانگاكان دروست دەكات، لەگەڵ ئامێری دۆشین و ئالیكی بۆ دابین دەكرێت.

لەراپۆرتەكەدا ئەوەش هاتوە لە رووی ڤێترنەریشەوە كۆمپانیاكە سەرپەرشتی دەكات و رۆژانە شیرەكە بە ئۆتۆمبێل كۆدەكاتەوە. لە قۆناغی یەكەمدا هەزار بۆ 1500 مانگا بەسەر 100 تاوەكو 150 جووتیاردا دابەش دەكرێت. لە بەرنامەی كاری وەزارەتدایە لە قۆناغەكانی داهاتوودا بیگەیەنێتە 40 هەزار تاوەكو 60 هەزار مانگا و بەسەر جوتیاراندا دابەشی بكات.