دوو پیاوی نەمسایی 100 هەزار یۆرۆ لە رووبارێک دەدۆزنەوە

 
دوو پیاوی نەمسایی لە رووباری دانووب بڕی 100 هەزار یۆرۆ دەدۆزنەوەو بەمەش وەک بەختەوەرترین پیاوی جیهان دەردەکەون.



ماڵپەری CNN  بڵاویکردووەتەوە لە سەرەتاکانی ئەم هەفتەیە دوو پیاو کە تەمەنیان گەنجەو خەڵکی نەمسان، لە رووباری دانووب بڕی 100 یۆرۆ دەدۆزنەوە.



ئەو دوو کەسە بە سەرچاوەکانی هەواڵی وڵاتەکەیان راگەیاندووە کە” ئەوان بە رێککەوت بینیویانە ئەو بڕە پارەیە لە نزیک کەناراوەکانی رووبارەکە سەرئاوکەوتووە بۆیە، خۆیان خستووەتە نێو ئاوەکەو توانیویانە ئەو بڕە پارەیە بەدەستبێنن”.



سەرچاوەی پارەکە نادیارە



هاوکات پۆلیسی ڤیەننا لەم بارەوە رایگەیاندووە کە” رۆژی شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا پێیان راگەیاندوون، کە دوو پیاو بڕی 100 هەزار یۆرۆیان دۆزیەوەتەوە لە رووباری دانووب، دوای لێکۆڵینەوەکانیش تا ئێستا نەیانتوانیووە سەرچاوەی ئەو بڕە پارەیە بدۆزنەوە یاخود بزانن خاوەنی راستەقینەی پارەکە کێیە”.



بە بۆچوونی گوتەبێژی پۆلیسی ڤیەننا، گومان دەکرێت ئەو بڕە پارەیە “پەیوەست بێت بە رووداوی ئەنجامدانی تاوانێک” بەبێ ئەوەی ئاماژە بە جۆری تاوانەکە بکات، ئەو دەڵێت ” لە هیچ حاڵەتێکی ئاسایی کەس ئەو بڕە پارەیە بۆ شوێنێکی وا لەگەڵ خۆی هەڵناگرێت و یاخود فڕێی ناداتە نێو رووبار”



سەرچاوەی رووباری دانووب دەکەوێتە ئەڵمانیا، درێژییەکەی 2850 کیلۆ مەترە و دووەمین درێژترین رووبارە لە ئەوروپا، بە 10 وڵاتی دیکەدا تێدەپەڕێت. 



رووبارەکە بە مۆڵدۆڤا و دواتریش بە ئۆکرانیا دەڕوات بەر لەوەی برژێتە نێو دەریای رەش، ئەمەش وایکردووە بوونی سەرچاوەی پارەکە ناڕوون بێت و دۆزینەوەی ئاسان نەبێت.



پارەکە چی لێدەکرێت؟




بە پێی گوتەی پۆلیسی نەمسا، ئەو دوو پیاوەی پارەکەیان دۆزیەوەتەوە یەکێکیان تەمەنی 20 ساڵە و ئەوەی دیکەش تەمەنی 22 ساڵە، ئەگەر بێت و ئەو بڕە پارەیە رادەستی پۆلیس بکەن ئەوا، %50 پارەکە دەدرێتەوە بە دۆزەرەوەکان.



لە حاڵەتێکی دیکەشدا ئەگەر بێت و ئەو بڕە پارەیە تاوەکو ماوەی یەکساڵ هیچ خاوەنێکی لێ پەیدا نەبوو، ئەوا ئەو کاتە دۆزەرەوەکان دەتوانن %95 پارەکە بۆخۆیان هەڵبگرن و ئەوەی دیکەش دەدرێت بە خەزێنەی دەوڵەت. 
 
ز.ر
 
ڕووداو