پارتێكی كوردی ئیسلامیی‌ ڕاگه‌یه‌ندرا

پارتی سیاسی كوردی به‌ناوی‌ (ده‌عوه‌ی ئازاد) ده‌ستپێكردنی چالاكییه‌كانی خۆی له‌توركیا ڕاگه‌یاندو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، ئه‌وان بڕوایان به‌كاره‌كانی‌ پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدانی‌ توركیاو پارتی‌ ئاشتی‌‌و دیموكراسی‌ نییه‌.
ماڵپه‌ڕی هه‌واڵیی (hurseda) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌هه‌ڵسوڕانی سیاسی سه‌ر به‌(بزوتنه‌وه‌ی موسته‌زعه‌فین)ی توركیا پارتێكی سیاسی نوێیان دامه‌زراند. پارتی ده‌عوه‌ی ئازاد (حوڕ ده‌عوا پارتیی) له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌چالا‌كانی سیاسی، كه‌سایه‌تییه‌ زانستییه‌كانی ئه‌ندامی موسته‌زعه‌فینه‌وه‌ دامه‌زراوه‌.
ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، چالاكی ئایینی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی‌و ڕاگه‌یاندنی‌ له‌چه‌ندین پارێزگای كوردنشینی توركیا هه‌بووه‌.
بزووتنه‌وه‌ی موسته‌زعه‌فین به‌خوێندكارانی‌ خوێندنگه‌ی‌ حزبوڵڵای توركیا داده‌نرێت كه‌ له‌ساڵانی (1993 تا 1998) پێكدادان‌و شه‌ڕی زۆری له‌گه‌ڵ‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) كردووه‌.
(سه‌عید شاهین) وته‌بێژی پارتی ده‌عوه‌ی ئازاد ڕایگه‌یاندووه‌، ئیسلامگه‌رایانی كورد ڕێگه‌ی ڕزگاریی‌و گه‌شه‌پێدان له‌(پارتی دادو گه‌شه‌پێدان‌و پارتی ئاشتی‌و دیموكراسی)دا نابیننه‌وه‌، به‌ڵكو بۆ ڕاكێشانی ده‌نگی كورده‌ مه‌حافزه‌كاره‌كان، له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی شاره‌وانییه‌كانی توركیا له‌چه‌ندین پارێزگا كاندیدی‌ خۆی به‌شداری پێده‌كا‌ت.