بێلاڕوسیا کارئاسانی دەکات بۆ بازرگانانی کوردستان

 
پاش ئەوەی شاندێکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان سەردانی وڵاتی بێلاڕوسیایانکرد بڕیاروایە چەند کارێکی گرنگ بۆ بازرگانانی کوردستان ئەنجام بدەن.
 
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەگەشبینیەوە لەسەردانەکەیان دەروانێت و ئاماژە بەوەدەکات کەتوانیمان چەند کارێکی گرنگی بازرگانی بۆ بازرگانان دەستەبەر بکەن.
 
وتیشی” کۆمەڵێک بازرگانی بەهێزو سەرۆکی ژووری بازرگانی بێلاڕوسیامان بینی و هەموو ئەوانەی پێویستە کە بکرێت لەنێوان هەردوولادا پێمان وتوون ئەوانیش بەخؤشحاڵیەوە ڕەزامەندیان دەربڕی بەوەی کە هاوکاری و کارئاسانی بکەن بۆ بازرگانانی کوردستان بۆزیاتر نزیک بونەوە و برەودان بەکاری بازرگانی لەنێوان هەردولادا”
 
ئەوەشی خستەڕو کەهەموو هەوڵەکانیان بۆئەوەیە کەبازرگانان بتوانن بەشێوەیەکی فراوان و ئاسان لەگەڵ وڵاتی بێلاڕوسیادا پەیوەندیە بازرگانەکانیان پتەو بکەن.
 
لای خۆشیەوە عەتا رەجەب رەحمان ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازگانی وپیشەسازی سلێمانی کەلەشاندەکەدا بۆ بێلاڕوسیا بەشداربوو وتی” لەو سەردانەدا کۆمەڵێک دەستکەوتمان هەبوو بەو پێیەی بێلاڕوسیا وڵاتێکی پێشکەوتووە لەبارەی تەکنەلۆژیا و پیشەسازیەوە وە هەرێمی کوردستان پێویستێتی و سودی لێ دەبینێت”
 
ڕاشیگەیاند” بڕیاریان پێداین کە کارئاسانی بکەن بۆ بازرگانانی کوردستان و هاووڵاتیان لەپێدانی فیزا بۆئەوەی بگەنە ئەو وڵاتە لەڕێگەی ژوورە بازرگانیەکانەوە”
 
ئاماژەی بەوەشدا کەلەئێستادا هەموو ئامادەکاریەک لەلایەن ئەوانەوە هەیە تا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بیکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان.
 
ئەندامەکەی ژووری بازرگانی پێی وایە کە هەرێمی کوردستان پێویستە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ووڵاتەدا بکات چوونکە کاڵاکانی ئەو ووڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە بەتایبەت لەکەرتی تەندروستی و کشتوکاڵ و کاڵاو پیشەسازی.
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمان سیروان محەمەد ئەوەشی ڕونکردەوە کە بانگهێشتی کۆمپانیاکان و بازرگانانیانکردووە بۆ بەشداریکردن لە پێشانگاکانی کوردستان و نمایشکردنی کاڵاکانیان بۆ زیاتر ئاشنابون بە هاووڵاتیان و بازرگانانی کوردستان وە بەپێچەوانەوە بازرگانانی کوردستان بانگ هێشت بکرێن بۆ پێشانگاکانی وڵاتی بێلاڕوسیا چوونکە پێشانگاکان هەمیشە بۆتە هۆکارێکی گرنگ بۆ یەکتر ناسینی بازرگانان.
 
هەر لەو سەردانەدا لە بیلاڕوسیا  پرۆتۆكۆڵی لێك تێگەیشتنی بازرگانی لە نێوان یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی هەرێمی كوردستان و ژووری بازرگانی بیلارووسیا واژۆ کرا.
هەرلەو سەردانەدا شاندی بازرگانی هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی پەیوەندیەكانی دەرەوەی وولاتی بیلارووسیایان كرد، كە تیایدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیە بازرگانیەكان کردەوە .
سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ بەشی بۆرسەی ژووری بازرگانی بێلاڕوسیا کۆبونەوە تا بتوانین کار ئاسانی بکەین لەبارەی کڕینی کالاکانیان لەڕێگەی ئەو بۆرسەیەوە کەژوورە بازرگانیەکان دەتوانن وەک (بروکر) بەشداری بکەن.