عێراق دەبێت پەنا بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ببات

سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت ئەگەر عێراق چاكسازی بەپەلە لەبواری ئابوریدا ئەنجام نەدات ئەوا بارودۆخی خراپ دەبێت و ناچار دەبێت پەنا بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ببات.

ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “ئەگەر عێراق چاكسازی بەپەلە ئەنجام نەدات، ئەوا دەبێت پەنا بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ببات و قەرز بكات، كە ئەویش داوای كۆمەڵێك رێوشوێن دەكات و زیان بە بەرژەوەندی گەلانی عێراق دەگەیێنێت، وەك هەڵوەشانەوەی پسوولەی خۆراك و بەرزكردنەوەی نرخی سووتەمەنی و دەركردنی فەرمانبەرانی كۆمپانیاكانی حكومەت.

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد ” لەماوەی نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2014 دا، 551 ملیار دۆلار هاتووەتە نێو عێراق و حكومەتیش 115 ملیار دۆلاری هاوردەكردووە، بانكی ناوەندیش  بڕی 312 ملیار دۆلاری بە بانكە ئەهلییەكان فرۆشتووەتەوە، كە ئەو بڕە 312 ملیار دۆلارە بە هەدەر رۆیشتووە كە دەكرا یەدەگی نەختینەی پێ بنیاتبنرێت بەڵام ئەوكارە نەكراوە.