“بەهەمواركردنەوەی‌ یاسای‌ وەبەرهێنان” گرنگی‌ زیاتر بەكشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌‌و گەشتوگوزار‌ دەدرێت

داوا دەكرێت یاسای‌ وەبەرهێنان لەهەرێمی‌ كوردستان گرنگی‌ زیاتر بەسێكتەرەكانی‌ كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌‌و گەشتیاری‌ بدات، هاوكات پێشنیار دەكرێت ئەو زەویانەی‌ بەموساتەحە لەڕێگای‌ دەستەی‌ وەبەرهێنانەوە بەوەبەرهێن دەدرێت، بەناوی‌ هیچ كەسێكەوە نەكرێت، بەڵكو هەر بەموساتەحە بمێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە دەستەی‌ وەبەرهێنانی‌ كوردستان پڕۆژەیاسایەكی‌ ئاراستەی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران كردووە، بۆ هەمواركردنەوەی‌ یاسای‌ وەبەرهێنان‌و گونجاندنی‌ لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا.
میكانزمی نوێ بۆ مۆڵەتپێدان
هێرش محەڕەم سەرۆكی‌ دەستەی‌ وەبەرهێنان لەهەرێمی‌ كوردستان ریایگەیاند، دوای‌ ئەوەی‌ لەساڵی‌ 2006ەوە یاسای‌ وەبەرهێنان لەهەرێمی‌ كوردستان پەسەندكرا، بەمەبەستی‌ پێداچوونەوە بەبڕگەو مادەكانی‌ لەئێستادا پڕۆژەیاسایەك بۆ هەمواركردنەوی‌ ئەو یاسایە ئامادەكراوەو ئاراستەی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران كراوە، بەشێوەیەك لەگەڵ بارودۆخی‌ ئێستای هەرێمی‌ كوردستان‌و رەوشی‌ وەبەرهێنان بگونجێ‌.
وتیشی‌:»لەئێستادا دەستەی‌ وەبەرهێنان مۆڵەتی‌ بەهەموو جۆرە پڕۆژەیەكی‌ نیشتەجێبوون راگرتووە، بەڵام ئەمە مانای‌ ئەوە نییە كەچیتر پڕۆژەی‌ نیشتەجێبوون لەكوردستان جێبەجێ ناكرێت، بەڵكو هەوڵ دەدەین شێوازو ئالیەتی‌ تازە بۆ پێدانی‌ مۆڵەتەكان ئامادە بكەین، ئەمانەش پێویستی‌ بەڕێنمایی تازە هەیە، لەو پێناوەش چاوەڕوانی‌ هەمواركردنی‌ یاسای‌ دەستەی‌ وەبەرهێنان دەكەین، واتا تایاساكە هەموار نەكرێتەوە، دەست بەپڕۆژەی‌ نیشتەجێبوون ناكرێتەوە».
كێ سەرپێچیكاران سزا دەدات؟
سەبارەت بەگرنگترین خاڵەكانی‌ هەمواركردنەوەكە، سەرۆكی‌ دەستەی‌ وەبەرهێنان وتی‌:»لەماوەی‌ رابردوودا چەندین سەرپێچی‌ لەلایەن وەبەرهێنەوە لەكاتی‌ ئەنجامدانی‌ پڕۆژەكانی‌ نیشتەجێبوون كراوە، بۆیە هەوڵ دەدەین لەناو ئەو هەمواركردنەدا دەسەڵات بەدەستەی‌ وەبەرهێنان بدرێت‌و سزای‌ ئەو كۆمپانیاو كەسانە بدات كە لەڕێنماییەكان دەردەچن، بەو پێیەی‌ سیستمی‌ فرۆشتنی‌ ئەو یەكانەی‌ دروستكراوە نەیتوانیوە تاڕادەیەكی‌ باش سوود بەخەڵكی‌ هەژارو كەمدەرامەت بگەیەنێ».
سەرۆكی‌ دەستەی‌ وەبەرهێنان ئەوەش دەخاتەڕوو، لەئێستادا بەگوێرەی‌ یاسا ناتوانین هیچ رێوشوێنێك بەرامبەر بەلایەنەكانی‌ سەرپێچیكار بگرینەبەر، تەنیا ئەوە نەبێت كە لایەنە پەیوەندیدارەكانی‌ لێ ئاگادار دەكەینەوە.
بەوتەی‌ هێرش محەڕەم، لەماوەی‌ شەش ساڵی‌ رابردوودا نزیكە 190 هەزار یەكەی‌ نیشتەجێبوون لەڕێگای‌ دەستی‌ وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی‌ دروستكردنی‌ پێدراوە، بەڵام چارەسەركردنی‌ كێشەی‌ نیشتەجێبوون تەنیا بەدەستەی‌ وەبەرهێنان ناكرێت، بەڵكو پەیوەندی‌ بەچەندین لایەنی‌ پەیوەندار هەیە، بۆیە پێشنیاری‌ دامەزراندنی‌ دامەزراوەیەكی‌ گشتگیر دەكەین، تاهەموو ئەو هەوڵ‌و توانایە كۆبكاتەوە كەبۆ چارەسەركردنی كێشەی‌ نیشتەجێبوون لەئارادایە.
پێشنیاری نەهێشتنی تەملیك
فەرمان غەریب بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ وەبەرهێنانی‌ سلێمانی‌ بەوەكالەت رایگەیاند، ئاشكرایە یاسای‌ وەبەرهێنانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەساڵی‌ 2006ەوە دەرچووە، ئەم یاسایە بۆ ئەو قۆناغە كاریگەرییەكی‌ ئێكجار بەهێزو باشی‌ هەبوو بۆ هاندانی‌ وەبەرهێنەری‌ خۆماڵی‌‌و راكێشانی‌ وەبەرهێنەری‌ بیانی‌، تابێن لەكوردستان سەرمایەكانیان بخەنەگەڕ.
بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ وەبەرهێنانی‌ سلێمانی‌ بەوەكالەت وتیشی‌:»دوای‌ تێپەڕبوونی‌ شەش ساڵ بەسەر ئەو یاسایەدا، پێویست بەوە دەكات چاو خشانەوەیەكی‌ جددی‌ لەسەرجەم ماددەو بڕگەكانیدا بكرێت، تابگونجێنرێ لەگەڵ بارودۆخی‌ ئابووری‌‌و سیاسی‌و كۆمەڵاتی‌‌و كەلتووری‌ ئەمڕۆی‌ هەرێمی‌ كوردستان».
روونیشیكردەوە، گرنگترین ئەو بڕگەو ماددانەی‌ داواكراوە لەیاسای‌ وەبەرهێنان پێداچوونەوەی‌ بۆ بكرێت، ئەوەیە كەچیتر تەملیك نەمێنێ بۆ پڕۆژەكانی‌ وەبەرهێنان، واتا زەوی‌ تەرخانكراو بۆ پڕۆژەكان بەناوی‌ وەبەرهێنەر نەكرێت، بەڵكو بەشێوەی‌ موساتەحە بمێنێتەوە، تا لەدوا رۆژدا نەوەی‌ داهاتوو بتوانێ‌ سوود لەو زەویانە وەربگرێت‌و زەویەكانی‌ كوردستان بەناوی‌ تاكە كەسەكانەوە نەكرێت.
چاوخشاندنەوە بەسێكتەری نیشتەجێبوون
ئەوەشی‌ خستەڕوو، جگە لەبەخشین لەگومرگ‌و باج، پێشنیاركراوە سێكتەرەكانی‌ وەبەرهێنان گرنگی‌ زیاتر بدات بەبوارەكانی‌ پیشەسازی‌‌و گەشتیاری‌‌و كشتوكاڵی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان، هەروەك چاوخشانەوە بكرێت لەسێكتەری‌ نیشتەجێبوون بەجۆرێك یان بسپێردرێ بەلایەنە حكومیەكانی‌ تر، یاخود میكانیزم‌و رێنمایی‌ تازەی‌ بۆ دابنرێت، تابتوانرێ كۆنترۆڵی‌ ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەكان بكرێت كە لەڕێگای‌ دەستەی‌ وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان پێدەدرێ.
فەرمان غەریب باسی‌ لەوەشكرد، گۆڕانكاری‌ لەپێكهاتەی‌ ئیداری‌ دەستەی‌ وەبەرهێنان‌و شۆڕكردنەوەی‌ دەسەڵاتەكانی‌ دەستە بۆ پارێزگاكان، خاڵێكی‌ تری‌ هەمواركردنەكەیە كەداوا كراوە لەیاسای‌ وەبەرهێنان كوردستان بكرێت.
وۆركشۆپ‌و كۆنفرانس ئەنجام دەدرێت
هەر لەو چوارچێوەیەدا خەلیل عوسمان ئەندامی‌ لیژنەی‌ ئاوەدانكردنەوەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، هەمواركردنی‌ یاسای‌ وەبەرهێنان لەكوردستان ماوەیەكە لەلایەن دەستەی‌ وەبەرهێنانەوە پێشكەش بەسەرۆكایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران كراوە، دوای‌ گەیشتنی‌ بۆ ئەنجومەنی‌ شورا، چاوەڕوان دەكرێت لەماوەیەكی‌ نزیكدا بگاتە پەرلەمانی‌ كوردستان، بۆ دەنگدان لەسەری‌.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی‌:»ئیستا ئێمە وەك لیژنەی‌ ئاوەدانكردنەوە لەئامادەباشیداین تا لەكاتی‌ گەیشتنی‌ پڕۆژەیاساكەدا بۆ پەرلەمان، گفتوگۆیەكی‌ چڕوپڕی‌ لەسەر بكەین، هەروەها بتوانین سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبكەینەوە، تاسوود لەسەرنج‌و تێبینیەكانیان وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستە چەندین وۆركشۆپ‌و كۆنفرانس ئەنجام دەدەین».
پڕۆژەیاسایەكی گرنگە
لای خۆیەوە شلێر محەمەد ئەندامی‌ لیژنەی‌ شارەوانیەكان لەپەرلەمانی‌ كوردستان پێیوابوو، ئەگەرچی‌ تائێستا ئەو پڕۆژەیاسایە نەگەیشتۆتە پەرلەمانی‌ كوردستان، بەڵام هەمواركردنی‌ هەر یاسایەك بەتایبەتی‌ ئەگەر لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە ئاراستەی پەرلەمان بكرێت، گرنگەو حكومەت دەزانێ پێویستی‌ بەچ گۆڕانكارییەكەو كێشەكەش لەناو پەرلەمان كەم دەبێتەوە.
وتیشی‌:»گرنگیەكی‌ تری‌ ئەو یاسایە لەوەدایە كە لەكابینەی‌ حەوتەمی‌ حكومەتی‌ هەرێم گرنگی‌ زیاتر بەكەرتەكانی‌ گەشتیاری‌‌و پیشەسازی‌‌و كشتوكاڵ دەدرێت، ئەمەش پێویستی‌ بەهەمواركردنی‌ یاساكان هەیە، لەنێوانیشیان یاسای‌ وەبەرهێنان، تاهانی‌ سەرمایەداران بدرێت لەو بوارانە كاربكەن». 
گرنگیدان بەكۆمپانیا ناوخۆییەكان
بەبۆچوونی‌ ئابووریناسانیش، ئەو هەنگاوە كاریگەری‌ زۆری‌ لەسەر دۆزینەوەی‌ هەلی‌ كارو كەمكردنەوەی‌ بێكاری‌ لەكوردستان كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێویستی‌ دەزانن یاساكە هەموار بكرێتەوە بەشێوەیەك لەگەڵ بارودۆخی‌ ئێستادا بگونجێنرێ.
عەبدولواحید تەها ئابووریناس‌و بەڕێوەبەری‌ راگەیاندنی‌ ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشەسازی‌ هەولێر وتی‌:»یاسای وەبەرهێنان یەكێكە لەیاسا گرنگەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەو بوژانەوەی‌ وڵات، ئەو كاتەی‌ ئەو یاسایە لەپەرلەمانی‌ كوردستان دەرچوو دواتر لەلایەن حكومەتەوە جێبەجێكرا، بواری‌ وەبەرهێنان چوارچێوەیەكی‌ یاسایی وەرگرت‌و بووە هاندانێك بۆ گەشتیاران لەوەی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان مافەكانیان پارێزراو دەبێت، بەمەش توانرا سەرنجی‌ زۆر لەو وەبەرهێن‌و كۆمپانیانە رابكێشین كەهەرێمی‌ كوردستان لەو كاتە پێویستی‌ پێی هەبوو».
وتیشی‌:»ئەگەر ئەو یاسایە بۆ ئەوكاتە زۆر پێویست‌و گرنگ بێت، ئەوا دوای‌ شەش ساڵ پێویستی‌ بەهەمواركردنەوە هەیە، بەجۆرێك جگە لەگرنگیدان بەكۆمپانیا بیانییەكان‌و زیاد لەپێویست گرنگیان پێدراوەو هاوكاری‌ كراون، گرنگی‌ بەناوخۆی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش بدرێت، میكانیزم‌و شێوازی‌ كاركردن لەبواری‌ وەبەرهێنان گۆڕانكاری‌ بەسەردابێت، چونكە لەشەش ساڵی‌ رابردوودا هەرێم پێویستی‌ بەبوارێك بوو، بەڵام لەم كاتانەدا لەوانەیە هەرێمی‌ كوردستان پێویستی‌ بەگرنگیدان لەبوارێكی‌ تردا هەبێت».
سەرچاوە : كوردستانی نوێ‌