ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم ملیۆنێک بەرمیل تێدەپەڕێنێت

جێگری سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان پێشبینی دەکات پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان بگاتە ملیۆنێک بەرمیل لەرۆژێکدا.

دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان،  راگەیاند” ئێستا هەرێمی کوردستان ئاستی هەناردەکردنی نەوتی بۆ 700 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرزکردووەتەوە. ئەو نەوتە 550 هەزار بەرمیلی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەناردەدەکرێت و 150 هەزار بەرمیلەكەی دیكەش لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووك.

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەگی کۆتایی ئەمساڵ، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان ئاشکرایکرد کە ئەگەر پارەی دەستحەقی کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێنەری نەوت بدرێت بەتەواوی، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئاستی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان رۆژانە بۆ نزیکەی 900 هەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە.

پێشبینیش دەكرێت لە کۆتایی ئەمساڵ ئاستی هەناردەکاری نەوتی باشووری کوردستان رۆژانە بگاتە 900 هەزار بەرمیل، بەمەش تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان بەرزدەبێتەوە بۆ ملیۆنێک و 50 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.