ڕێكەوتننامەی پەرەپێدانی هاوكاری ئابوری سلێمانی و كرماشان واژۆ كرا

ڕێكەوتننامەی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابوری نێوان پارێزگاكانی سلێمانی و كرماشان واژۆ كرا.

بە پێی بڕگەكانی ئەم ڕێكەوتننامەیە، هەر دوولا لە سەر ئەوە ڕێكەوتوون كە بە هۆی لە بەرچاوگرتنی ستانداردی كاڵا ئاڵ و گۆڕپێكراوەكانی نێوان دوو وڵات و دڵنیایی لە كوالیتی و ستانداردی قبووڵكراوی دوو وڵات، پرسی بەڵگەی سەرەتایی بۆ كاڵا و بەرهەمەكان بكرێتە بنەمای كارپێكردن و هەر دوو ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و كرماشان بە دواداچوون بۆ جێبەجی كردنی ئەم مەسەلەیە لە ڕێگای دام و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە بكەن.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و كرماشان لە سەر ئەوە ڕێكەوتوون كە هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بە مەبەستی لە ناو بردنی سەرجەم ئەو كۆسپ و بەربەستانەی كە دەبنە ڕێگر لە بەردەم پەرەسەندنی ئاستی ئاڵ و گۆڕە بازرگانییەكان.

پرسی سنورداربوونی هاتووچۆی بازرگانانی ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان یەك لەو تەوەرانە بوو كە لە كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكانی نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و كرماشان باسی لێكرا و بەڵێنی ئەوە درا كە لایەنی كوردستانی چارەسەری ئەم كێشەیە بكات و ئەو بازرگانانەی كە لە لایەن ژووری بازرگانییەوە نامەی پشتگیرییان بۆ بكرێت ڕووبەڕووی ئاستەنگی مانەوە لە هەرێم نەبنەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكەدا هاتووە كە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەو پەڕی هاوكاری و هەماهەنگی خۆی لە پێناو بەڕێوەچوونی پێشانگای تایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سلێمانی پێشكەش دەكات.

لە بەشێكی دیكەی ئەو ڕێكەوتننامەدا هاتووە كە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی نێوان بازرگانانی شارەكانی سلێمانی و كرماشان لە هەر یەك لە ژوورە بازرگانییەكان كۆمیەتەیەكی سێ كەسی پێك دەهێنرێت و بۆ ئەمەش لە سلێمانی هەر یەك لە یاسین ڕەحیم فەرەج، دلاوەر سۆفی كەریم و ئەحمەد عەلی محەممەد دەستنیشان كراون و ژووری بازرگانی كرماشانیش هەر یەك لە جەمشید ڕۆستەمی، عەبدولڕەزا زەردۆیی و ئیبراهیم خەمیسی بۆ ئەندامبوون لەو كۆمیەتەدا دەستنیشان كردووە.

هەر دوولا بەڵێنی ئەوەیان داوە كە پێش لە داخرانی سنورەكان و هەر چەشنە گۆڕانكارییەك لە یاساكانی گۆمرۆك و كۆنتڕۆڵی كوالیتی یەكدی ئاگادار بكەنەوە و دەستبەجێ هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی داخستنی سنورەكان بدەن.

سەرچاوە: جامی كورد