میسر دووەم پێشانگای لە هەولێر کردەوە

 
میسر پێشانگایەکی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و پێشانگاکە تاوەکو ٩ رۆژ بەردەوامدەبێت و، بە بەشداری پتر لە ١٠٠ کۆمپانیا، کاڵا و کەلوپەلی تێدا نمایش دەکات.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان چاوەڕێدەکات پێشانگاکە ئەنجامی باشی بۆ پەرەپێدانی بازرگانی کوردستان هەبێت. 
ساماڵ سەردار، وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ ” هاتنی ئەم کۆمپانیا مسریانە بەرزدەنرخێنین، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کوردستان لە رەوتی بەرەوپێشبردنی ئابووری بەردەوامە. وڵاتی مسر لەرووی بازرگانی و ئابووریەوە زۆر پێشکەوتووە ئێمە هەوڵدەدەین سودیان لێوەربگرین و لەداهاتوشدا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانیاندا بکەین”.
یەکەم پێشانگای کاڵای مسر کە لە ساڵی ٢٠١٣  بە بەشداری  ٧٥ کۆمپانیا کرایەوە، ئەنجامێکی دڵخۆشکەری بۆ میسر و کورستان نەبوو، بەڵام لەم پێشانگایە کە ژمارەیەکی زۆرتر کۆمپانیا بەشداریان تێداکردووە، وەزیرانی بازرگانی مسر و کوردسستان چاویان لە بەستنی چەندین گرێبەستە. 
لە کاتێکدا پێشانگای کەلوپەلی مسر دەکرێتەوە کە قەیرانی دارایی و شەڕی داعش بەرۆکی باشووری کوردستانی گرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامی باشی هەبێت.