سلێمانی: گەورەترین عەمباری سووتەمەنی دروست دەكرێت

لەسنووری پارێزگای سلێمانی، گەورەترین عەمباری سووتەمەنی دروست دەكرێت كە توانای هەڵگرتنی بڕی 400 ملیۆن لیتر سووتەمەنی هەیە.

لەمیانی كۆبوونەوەی ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ سەرۆك‌و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەو گرفتەكانی سنووری پارێزگاكەو چالاكییەكانیان لەماوەی ئەمساڵدا، پرسی سووتەمەنی لەپارێزگاكە بەوردی تاوتوێكرا.

لەبارەی كێشەی سووتەمەنی لەسنووری پارێزگای سلێمانی، پارێزگاری سلێمانی وتی  “ێستا سلێمانی رۆژانە پێویستی بەبڕی دوو ملیۆن‌و 500 هەزار لیتر بەنزین هەیە، بەڵام نیوەی ئەو رێژەیە دەگاتە شارەكەو پاڵێوگەی بازیانیش رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی بڕی ملیۆنێك لیتری هەیە.

پارێزگاری سلێمانی هۆكاری بەشێكی كێشەو قەیرانی سووتەمەنی لەسنووری پارێزگاكەدا گەڕاندەوە بۆ نەبوونی عەمباری هەڵگرتنی سووتەمەنی، بەجۆرێك ئەو عەمبارانەی كە هەیە توانای هەڵگرتنی 18 ملیۆن لیتریان هەیە، ئەوەش تەنیا بەشی چەند رۆژێك دەكات.

لەو كۆبوونەوەیەدا ئاسۆ فەریدون وتی: «بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە‌و لەسەر بودجەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، چوار عەمباری گەورەی هەڵگرتنی سووتەمەنی لەسنووری پارێزگای سلێمانی (دوو لەسلێمانی، یەك لەگەرمیان، یەك لەئیدارەی راپەڕین) دروست دەكرێن، كە توانای هەڵگرتنی 400 ملیۆن لیتریان هەیە، بەوەش سلێمانی دەبێتە خاوەنی گەورەترین عەمبار هەڵگرتنی سووتەمەنی لەكوردستان‌و عیراقدا.