پێشبینی دەكرێت نرخی دینار دابەزین بەخۆیەوە ببینێت

ماڵپەڕی بلۆمبێرگی ئەمەریكی بڵاویكردوەتەوە، دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری كردوەتە سەر دابەزینی یەدەگی بانكی ناوەندی عیراق و پێشبینیش دەكرێت بەوهۆیەوە نرخی دینار دابەزین بەخۆوە ببینێت.

لەراپۆرتێكیدا بلۆمبێرگ ئاماژەی بەدابەزینی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان و كاریگەری لەسەر رەوشی ئابوری عیراق كردوە، تییادا هاتوە: دابەزینی نرخی نەوت و خەرجییەكانی شەڕ وایانكردوە یەدەگی بانكی ناوەندی عیراق بەرێژەی (‌20%) دابەزین بەخۆوە ببینێت و بگاتە (59) ملیار دۆلار.

هاوكات پێشبینی ئەوەشكراوە نرخی دیناری عیراقی دابەزین بەخۆوە ببینێت بەرامبەر دراوە بیانییەكان و زیانی دارایی ئەو وڵاتەش بەردەوامە و بەتەنیا لەماوەی (25) رۆژی یەكەمی ئەم مانگەدا بانكی ناوەندی نزیكەی چوار ملیار و (600) ملیۆن دۆلاری فرۆشتوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەنرخی دینار بكات، واتە رۆژانە بەتێكڕایی (184) ملیۆن دۆلار لەبانكی ناوەندی عیراق فرۆشراوە.