بەمەبەستی بەردەوامبون و پێدانی زانیاری لەسەر كارە بازرگانیەكان لە جیهاندا و وەرگرتنی زانیاری نوێ لەسەر كاری بازرگانی، ژووری بازرگانی سلێمانی بازرگانان دەباتە ئیتاڵیاو خولی تایبەتیان بۆدەكاتەوە.
بورهان علی ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” ئێمە وەك ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ زۆرێك لە ڕێكخراو كۆمپانیا شارەزایەكانی بواری پێدانی زانیاری بە بازرگانان قسەمانكردووە لەووڵاتی ئیتاڵیا كە 3 مانگ جارێك خولێكی تایبەت بە پێدانی زانیاری بە بازرگانان و پێشخستنیان لەو بوارەدا بە ژمارەیەك بازرگانی سلێمانی بدات كە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەو پەیوەندیە ڕێكدەخات”.
ئەندامەكەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوەشدا” كردنەوەی ئەو خولانە تایبەتە بەو بازرگانانەی دەیانەوێت لەبواری كاری بازرگانی بەتەواوی شارەزابن و بەتایبەت ئەو گەنجانەی لە ئێستادا سەرقاڵی كاری بازرگانین لەو خولانەدا زانیاریان پێدەدرێت و بەشێوازی نوێی كاری بازرگانی ئاشنادەبن كە لەلایەن كەسانی شارەزای بواری بازرگانیەوە زانیاریان هەیە”.
بورهان علی جەخت لەوەش دەكاتەوە “ئەو بازرگانانەی بەشداری لەو خولانەدا دەكەن لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە دیاری دەكرێن و بەشێوەی كاری ئەو بازرگانانە كەسەكەن دیاری دەكرێن.