ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بەحساباتی کۆتایی پرۆژەی بودجە کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨-١١، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوەو گفتوگۆبکات سەبارەت بەحساباتی کۆتایی پرۆژەی بودجەی گشتی وڵات.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەک بەتۆڕی میدیای عێراقی راگەیاندووە، ئەمڕۆ بەئامادەبوونی رافع عیساوی وەزیری دارایی عێراق وعەبدولباست تورکی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوەو گفتوگۆ دەکات لەسەر حساباتی کۆتایی پرۆژەی یاسای بودجەی گشتی وڵات و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پرۆژەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٣. دەکات، ھاوکات سەرچاوەکە راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکە دا خوێندنەوەی یەکەم دەکرێ بۆ چەند پرۆژەیاسایەک لەوانە پرۆژەی یاسای تەندروستی ئاژەڵ و پرۆژەی یاسای ھەموارکردنی یاسای سندوقی پێشینەی کشتوکاڵی و پرۆژەی یاسای پێشنیاری ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاو ناحیەکان.