چوار ملیار دیناری بەڵێندەران كەوتوەتە لای حكومەت

بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرجنەكردنی پێشینەی پڕۆژەكان، زۆربەی پڕۆژەكانی بەڵێندەران لە هەولێر راگیراون. ئەو پڕۆژانەشی كە بەردەوامن، لەلایەن بەڵێندەرانەوە بەقەرز بەڕێوەدەچن. سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان دەڵێت “خەرجنەكردنی پێشینەی پرۆژەكان بەڵێندەرانی تووشی گرفتی دارایی و ئیفلاس كردووە، بەم هۆیەشەوە دوو بەڵێندەر خۆیان كوشتووە و هەندێكیشیان هەڕەشەی كوشتنیان لەسەرە”.

دكتۆر سەرۆ ئیسماعیل دزەیی، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان رایگەیاند” بەهۆی قەیرانی دارایی زیاتر لە 2900 پرۆژە گرفتیان تێكەوتووە و زیاتر لە 4 ملیار دۆلاری بەڵێندەران كەوتووەتە لای حكومەت. پارێزگای هەولێر بە 1089 پرۆژە پشكی شێری بەركەوتووە، قەرزی بەڵێندەرانی هەولێریش لای حكومەت نزیكەی 880 ملیار دینارە.

لە كۆتایی ساڵی 2013 دا حكومەت خەرجكردنی پێشینەی پڕۆژەكانی بەڵێندەرانی راگرت، دوای بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی بەغداوە، راگرتنی پێشینەكان بووە بڕیار، ئەمەش ناڕەزایی بەڵێندەرانی لێكەوتەوە. بۆیە حكومەت لە 8/4/2014 بڕیاری دا مانگانە 200 ملیار دینار بۆ بەردەوامیی پرۆژەكانی بەڵێندەران خەرج بكات”.

دكتۆر سەرۆ دزەیی گوتی “وا بڕیار بوو 40%ی ئەم پارەیە بۆ پێشینەی بەڵێندەران خەرج بكرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی 40%ی پێشینەی قۆناغێكی پڕۆژەكانی بەڵێندەرانی خەرجكرد، ئەم بڕەش زۆر كەمتر بوو لەو پارەیەی بڕیار بوو بیدەن”.