چالاكی بازرگانی ناوچەی یۆرۆ گەیشتوەتە بەرزترین ئاست

لەنوێترین راپرسیدا دەركەوتوە لەئێستادا چالاكی بازرگانی لە ناوچەی یۆرۆ بەرزبووەتەوەو گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە چوار ساڵی رابردوودا.

دەرخستەی كڕینی بەڕێوەبەران كە بە(PMI) ناسراوە گەیشتووەتە 54.2 و ئەوەش بەرزترین ئاستی ئەو پێنوێنەیە لە ناوچەی یۆرۆ لە دوای ساڵی 2011.

PMI هێمای چالاكی كۆمپانیاكان و جموجۆڵی بازرگانییەو ئەگەر لە سەرووی 50 بێت ئەوا بەو مانایە دێت كە ئابووریی گەشە بەخۆیەوە دەبینێت، بەپێچەوانە ژمارەی خوارەوەی 50 بۆ PMI لە هەر وڵاتێكدا بەمانەی سستبوونەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە دێت.

هەرچەندە بەپێی PMI ئابووریی ناوچەی یۆرۆ خەریكە بەرزدەبێتەوە، بەڵام قەیرانی دارایی یۆنان و ئەگەری جیابوونەوەی لە یەكێتی ئەوروپا، مەترسیی بۆ رەوشی بازرگانی ئەوروپا دروستكردووە.

لە مانگی 3ی ئەمساڵدا بانكی ناوەندی ئەوروپا بڕیاری بە كڕینی بۆندە حكومییەكاندا وەك هەوڵێك بۆ پاڵپشتیكردنیی ئابووریی وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ، ئەوەش كاریگەری هەبووە لە بەرزبوونەوەی گەشەی ئابووریی ئەوروپا.