ئێران و توركیا رێككەوتنیان لەهەناردەی گازی سروشتیدا ئەنجامدا

ئێران و توركیا لەسەر نرخ و زیادكردنی هەناردەكردنی گازی سرووشتی ئێران بۆ توركیا رێككەوتن.
 

عەلیرەزا بەیگدلی، باڵیۆزی ئێران لە توركیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ” تاران و ئەنقەرە گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەسەر زیادكردنی هەناردەكردنی گازی ئێران بۆ توركیا و هەروەها هەمواركردنی نرخەكەی”.

بەیگدلی ئاماژەی بەوەشكرد ” ئەو رێككەوتنە رێگە خۆشدەكات بۆ پەرەپێدانی هاوكارییەكانی نێوان ئێران و توركیا لە بواری وزەدا.

سەبارەت بە ئەنجامی سكاڵاكەی توركیا دژی ئێران لە دادگای نێودەوڵەتی لەسەر نرخی گاز، بەیگدلی وتی” هێشتا دادگاكە دوابڕیاری خۆی نەداوە.

بەپێی گرێبەستێكی 25 ساڵی كە لە ساڵی 1996 لە نێوان ئەو دوو وڵاتە واژۆكراوە، ئێران پابەندە بە پێدانی ساڵانە 10 ملیار مەتری سێجا گازی سرووشتی بە توركیا.