رێنمایی نوێ لەبارەی بەناوکردنی ئۆتۆمبێل دەردەكرێت

 
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان رێنمایی نوێ لەبارەی بەناوکردنی ئۆتۆمبێل دەردەكات و بەپێی رێنماییەكە، هەر ئۆتۆمبێلێك ھەڵگری ژمارەی یەكێك لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بێت، بەناوی هیچ دانیشوویەكی دەرەوەی کوردستان ناکرێت.
لیوا رزگار عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند” لە چوارچێوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەمنی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەمەودوا بۆ بەناوکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ھەڵگری ژمارەی یەكێك لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانن، دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان پێویستە پشتگیری ئاسایش و یەکەی ئیداری بھێنن، تاوەکو ئۆتۆمبێلیان بەناوبکرێت”.
لیوا رزگار عەلی هەروەها وتی:” لەو رێنماییە نوێییانەدا ئاماژە بەوە کراوە، كە ئۆتۆمبێلی ژمارەی تابلۆکانی ھەرێمی کوردستان بەناوی ھاونیشتمانییانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق ناکرێت بە تایبەتی ئەوانەی لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی موسڵ و ئەنبار روویان لە ھەرێمی کوردستان کردبێت، مەگەر کەسێک چەند ساڵێک دانیشووی ھەرێمی کوردستان بێت و کارتی زانیاری و  پشتگیری ئاسایشی ھەبێت”.
 
 
 رووداو