کۆمپانیای DNO ئاستێکی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان تۆماردەکات

 
کۆمپانیای نەوتی DNO ، کە لە هەرێمی کوردستان چالاکە، دوایین راپۆرتی خۆی لەسەر کارەکانی هەڵکۆڵین و بەرهەمهێنانی نەوت بڵاوکردەوە.



بەپێی راپۆرتەکەی DNO ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی تاوکێ ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە رۆژانە 170 هەزار بەرمیل. لەو رێژەیەش رۆژانە 30 هەزار بەرمیلی لە بازاڕی ناوخۆدا فرۆشراوە.



راپۆرتەکە دەریدەخات لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2015، کۆمپانیای DNO توانیویەتی تێکڕا رۆژانە 104 هەزار و 925 بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، کە رۆژانە 8 هەزار و 679 بەرمیلی لە بازاڕی ناوخۆدا فرشراوە. بەڵام لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە بەرزبووەتەوە بۆ ئاستی رۆژانە 146 هەزار و 309 بەرمیل، کە لەو بڕە رۆژانە 26 هەزار و 27 بەرمیلی لە بازاڕی ناوخۆدا فرۆشراوە.



بیژەن موسەوەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای DNO رایگەیاند، ” پاش جێبەجێکردنی پلانی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی تاوکێ، ئاستی بەرهەمهێنان و فرۆشی ناوخۆی نەوتیان بەرزکردووەتەوە.”



رەحمانی هەروەها ئاشکرایکردووە، کۆمپانیاکەی بڕیاریداوە وەبەرهێنانەکانی زیاتر بکات پاش ئەوەی داهاتەکانی بەردەوامبووە لە بەرزبوونەوە.



لە سەرەتای ئەم مانگە کۆمپانیای DNO ، پلانی پەرەپێدانی کۆمپانیاکەی لە کێڵگەی تاوکێ بە کۆتایی گەیاند ، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکە بوو بۆ ئاستی رۆژانە 200 هەزار بەرمیل و دامەزراندنی 44 کیلۆمەتر بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو.



بڕیارە کۆمپانیای DNO کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی لە هۆتێل تۆن ڤیکا لە ئۆسلۆ گرێبدات.



کۆمپانیای DNO کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی نەوت و گازی نەرویژییە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا چالاکە.



کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی تاوکێ کۆمپانیای سەرکارە و لەگەڵ کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی کە کۆمپانیایەکی ئینگلیزی – تورکیی هاوبەشە لە بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگەیەدا.



DNO لە چەندین وڵاتی دیکەی وەک عومان، تونس، ئیمارات لە بواری بەرهەمهێنانی نەوت چالاکە.