عێراق گاز هه‌نارده‌ی تورکیا ده‌کات

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە پێشبینی دەکات لە ساڵی ٢٠١٨ گاز هەناردەی تورکیا بکات.
 
عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند:”عێراق ناتوانێ ئێستا گاز هەناردەی تورکیا بکات، چونکە بڕی گازی بەرهەمهێنراو بەشی پێداویستی ناوخۆیی ناکات، بەڵام پێشبینی دەکەین عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ بتوانێ گاز هەناردەی تورکیا بکات”.
عاسم جیهاد دەشڵێ “عێراق دەستی بە پێشخستنی کێڵگەکانی گازی سروشتی کردووە بە رێگەی کێڵگەی بەسرە کە قەبارەی بەرهەم زۆرتر دەکات، جگە لەوەی وەزارەتی نەوت لە هەوڵی دروستکردنی پاڵاوگەیە بۆ دەرهێنانی گاز لە ناوچەی عەکاشات لە پارێزگای ئەنبار، بەڵام دۆخی ئەمنی زۆرجار رێگرە”.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەش دەکات کە “وەزارەتی نەوت بە نیازە کار بۆ پێشخستنی کێڵگەیەکی گازی سروشتی لە پارێزگای دیالە بکات و ئەگەر پرۆژەکانی بەپێی هەوڵەکانی وەزارەتی نەوت جێبەجێ بکرێن ئەوا لە ساڵی ٢٠١٨ عێراق گازی سروشتی هەناردەی تورکیا دەکات”.
عاسم جیهاد، دەشڵێ “تورکیا پێشنیازێکی پێشکەشکردووین بۆ هاناردەکردنی گازی عێراق بەهۆی نزیکی رێگای هەناردەکردنی ئەو گازە بەڕێی تورکیا و عێراق ئێستا رۆژانە ملیۆنێک مەتر سێجار گازی سروشتی بەرهەمدەهێنێت و ئەو بڕە ئێستا بەشی پێداویستی نێوخۆیی دەکات، بەڵام گەر بەرهەمی گازی عێراق بگاتە دوو ملیۆن مەتر سێجار ئەوکات گاز هەناردە دەکەین”.