سلێمانی: به‌ هاوکاری ژووری بازرگانی چه‌ند هۆڵێکی پرسه‌ دروستده‌کرێت

بەھۆی ناڕەزایەتی
ھاوڵاتیان لەدروستبوونی قەرەباڵغی لەبەردەم چەند مزگەوتێکی شاری سلێمانی لەکاتی
دانانی پرسەدا، بڕیارە دانانی پرسە لەو مزگەوتانە قەدەغە بکرێت و شارەوانی
سلێمانیش بەھاوکاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، چەند ھۆڵێکی پرسە
دروستدەکەن
.

یوسف یاسین سەرۆکی
شارەوانی سلێمانی، لەلێدوانێکدا راگەیاند: کاتێک پرسە لەمزگەوتەکانی (حاجی محەمەد
بۆسکانی، سەڵاحەدین و حاجی ئەحمەد)، دادەنرێت، قەرەباڵغییەکی ئێجگار زۆر لەنزیک
شەقامی ئەو مزگەوتانە دروستدەبێت و کێشەیەکی گەورەش لەبەردەم ھاتوچۆی ھاوڵاتیان و
شۆفێران دروستدەکات
. وتیشی: زۆرێک لە ھاوڵاتیان ناڕەزایەتییان
دەربڕیوەو داوایان لێکردووین چارەسەری ئەو کێشەیان بۆ بکەین، بۆیە لەگەڵ ژووری
بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رێکەوتنمان کردووەو ئەوانیش لەلایەن ژمارەیەک
لەبازرگانەکانی سلێمانییەوە بڕە پارەیەکیان کۆکردووەتەوە، بەپێی رێککەوتنەکەش
شارەوانی سلێمانی زەوی دابین دەکات و ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیش ھۆڵی
گەورەی پرسە دروستدەکات
.

سەرۆکی شارەوانی
سلێمانی وتیشی: پێویستە نەخشەی ھۆڵەکانی پرسە لەلایەن شارەوانییەوە پەسەند بکرێـت،

ئاماژەی بەوەشکرد کە
ھۆڵەکان دەکەونە دەرەوەی شاری سلێمانی بۆئەوەی ئەو قەرەباڵغییە ببرێتە دەرەوەی شار
.

یوسف یاسین ئەوەشی
خستەڕوو: تائێستا شوێنی ھۆڵەکانمان دیارینەکردووەو لە گفتوگۆداین و دەمانەوێت شوێنێکی
فراوان بێت و توانای لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی ھەبێت
.