سیروان محەمەد: زیادكردنی باج شڵەژانی بازاڕی لێدەكەوێتەوە

سەرۆكی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەبارەی بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ زیادكردنی باج لەسەر هەندێك لە كەل و پەل رایدەگەیەنێت: زیادكردنی باج شڵەژانی بازاڕی لێدەكەوێتەوە.
 
سیروان محەمەد، سەرۆكی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەلێدوانێكیدا رایگەیاند: بڕیاری زیادكردنی باج لەسەر چەند كاڵایەك كاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر قوڵبونەوەی قەیرانی ئابوری و تەنیا شڵەژانی بازاڕی لێدەكەوێتەوە.
 
سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد: پێویست بوو پێش ئەوەی یاساكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە لێكۆڵینەوەیەكی باشی تێدا بكرایە.
 
سەرۆكی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاشكراشیكردوە: بەجێبەجێكردنی ئەو بڕیارە پارێزگای سلێمانی زیانی زۆر دەكات، بەوپێیەی سنورێكی بەرفراوانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەیە لەڕێگای مەرزە ناڕەسمیەكانەوەو جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دەبێتە هۆی وەستانی هەناردەكردنی هەندێك كاڵا بۆ ئێران وەكو جگەرە، ئەوەش زیانێكی گەورەیە كە بەر ئابوری سلێمانی دەكەوێت.
 

سیروان محەمەد وتوشیەتی: بەجێبەجێكردنی ئەو یاسایە شەلەلی بازرگانی لەشاری سلێمانی دەدات ، پێویستە حكومەت بەزوترین كات بیر لەڕێگاچارەیەك بكاتەوە.