نوێنەری ئابوری كونسوڵی ئەمریكا سەردانی ژوری بازرگانی سلێمانی كرد

بەمەبەستی زیاتر ئاگاداربون لە دوا پێشهاتی ئابوری و بازرگانی نوێنەری بەشی ئابوری و بازرگانی لە كونسوڵگەری ئەمریكا لە هەولێر سۆنێت فریسپی سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد.
لە كۆبونەوەیەكدا هەریەك لە سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و یاسین ڕەحیم جێگری یەكەم رونیانكردەوە كە لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەكانی داعش بۆسەر ناوچەكانی عێراق بازرگانیكردن لە گەڵ ئەو شارانە ڕاگیرابون بەتەواوی هیچ شمەكێك ئاڵوگۆڕی پێوەنەدەكرا ،بەڵام لە ئێستادا بەرەو باشبون دەڕوات”.
سیروان محەمەد وتیشی”لە ئێستادا لە شاری سلێمانی ناوچەیەكی گەورەی پیشەسازی و بازرگانی دروستدەكرێت كە ئەمەش كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر دروستكردنی بەرهەمی ناوخۆی لە شاری سلێمانیدا كە لە ئێستادا 10 كارگە ڕەزامەندی لەسەر دراوە كەتێچوی ئەو كارگانە بەبەهای 450 ملۆن دۆلار دەخەمڵێنێت”.
لای خۆشیەوە یاسین ڕەحیم جێگری یەكەمی سەرۆكی ژوری بازرگانی وتی” ئەم قەیرانەداراییەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەبووە كاریگەری كردۆتە سەر تەواوی چین و توێژەكانی كوردستان بەجۆرێك كە بەو بڕە پارەیەش چارەسەر نابێت كە حكومەتی عێراقی بڕیاریداوە بینێرێت بۆ كوردستان”.
سۆنێت فریسپی نوێنەری ئابوری و بازرگانی لە كونسوڵی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا گەشبینن بەوەی ڕەوشی بازرگانی و ئابوری بەشێوەیەكی باش لە كوردستاندا بەرەو پێش بڕوات و گەشە بكات.