نوێترین زانیاری دەربارەی دابەشكردنی بەنزین بە كۆبۆن

 
 
كۆبۆنی دابەشكردنی بەنزین  بۆ ئوتومبێلی تاكسی و پاسی ھێلەكان لە پارێزگای سلێمانی دەست پێدەكاتەوە و  شۆفێرانیش  لە شاری سلێمانی و قەزاو ناحیەكان دەتوانن كۆبونەكە وەربگرن.
لە ڕاگەیەندراوێكدا، قائیمقامی سلێمانی ئاشكرای كرد: ئەمڕۆ چوار شەممە 2/18 ئاوات محەمەد ؛قائیمقامی سلێمانی؛ لەگەڵ بەرێوەبەری و لێپرسراوی كارت و كۆبۆن لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی بەرھەمە نەوتییەكان سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی ھاتووچۆ لە دیوان قائیمقامیەت كۆبووە ،لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر شێوازی تازەكردنەوەی كۆبۆنی وەرگرتنی بەنزین كرا لە سنوری پارێزگاری سلێمانی.
ئاوات محەمەد داوای لێكردن بەشێوەیەكی باشتر و خێرا تر مامەڵەی شۆفێران ڕایی بكەن بۆ ئەوەی ئاستەنگ و  قەرەباڵغی لە بەنزیخانەكاندا دروست نەبێت.
ھەر كۆبوونەكەدا بڕیاردرا بۆ وەرگرتنی مامەڵەكان لیژنەی تایبەت لە قەزاو ناحیەكان پێكبھێندرێت بۆ پێدانی كۆبوون،  شۆفێرانی (چەمچەماڵ و كفری و كەلار و دەربەندیخان ) دەتوانن لە ناوچەكانی خۆیان مامەڵەكانیان تەواو بكەن و شۆفێرانی ( ڕانیە – قەڵادزێ) لە رانیە و (ھەڵەبجە – سەیدسادق) لە پارێزگای ھەڵەبجە مامەڵەی كۆبونیان بۆ تەواو دەكرێت، ھەروەھا بڕیاردرا بۆ كار ئاسانی زیاتری شۆفێران لیژنەكان لە ڕۆژانی ھەینی و شەممە كار بكەن و  ستافەكانیان زیاد بكرێت.
قائیمقامی سلێمانیش شۆفێرانی دڵنیا دەكاتەوە، كە  بەشە بەنزینی مانگی 2 نافەوێت، كە مانگانە بڕی 200  لیتر بەنزینیان پێ دەدرێت، باس لەوەش كرا: “كۆبۆنەكە بۆ ماوەی دوو مانگە و لە 11 بەنزینخانەی شوێنی جیاواز لە سلێمانی كۆبوون بە شۆفێران دەدەن”.
 
ئاماژە بۆ ئەوەش كرا: “بۆ مامەڵەی  بەدەستھێنانی كۆبۆنی بەنزین ئەو شۆفێرانەی، كە پێشتر كۆبونیان ھەبووە تەنھا سەرە پارچەی كۆبۆنە لەگەڵ ساڵانەی كۆپی كراو لەگەڵ خۆیان ببەن، بەڵام بۆ ئەوانەی بۆ یەكەم جار دەیانەوێت كۆبۆن بەدەست بھێنن پێویستە كارتی زانیاری و فۆرمی خۆراك و ساڵانەی ئوتومبێلی یان پێ بێت”.
سەبارەت بەو تاكسی-یانەی ھەڵگری تابلۆی بەشەكانی دیكەی عیراق-ن واتە (ئارمن) پێویستە ئاڕمەكانیان تازەكرابێتەوە و كارتی زانیاری سلێمانی-یان ھەبێت .
بەپێی وتەی لێپرسراوانی بەرێوەبەرایەتی دابەشكردنی بەرھەمە نەوتیەكانی سلێمانی  لە ماوەی رابردوودا كۆبۆنی بەنزین بۆ 30 ھەزار تاكسی و 4 ھەزار پاس دروستكراوە و  چاوەڕێ دەكرێت ژمارەی تاكسی یەكان زیاد بكات، لەبەرئەوەی خواستی كڕینی ئوتومبێلی تاكسی لەلایەن ھاوڵاتیانەوە بەردەوام لە زیاد بوندایە .