هەرێمی کوردستان لە کەشتی نەوتی کالاڤرڤتا چی قازانج دەکات؟

 
پارێزەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای باڵای تێکساس دەڵێت، نەوتی زیاتر لە کوردستانەوە هەناردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە، هێشتا کێشەی خاوەندارییەتی بارە نەوتی کەشتی کالاڤرڤتا لە دادگای تێکساس لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق یەکلایی نەبووەتەوە.



کەشتی یۆنایتێد کالاڤرڤتا بەبێ ئەوەی بارە نەوتەکەی بەتاڵ بکات، رۆژی چوارشەممە بەندەری گاڵڤێستۆنی جێهێشتووەو بەرەو گەرووی جەبەل تارق بەڕێکەوتووە.



لە مانگی شەشی ساڵی 2014 ئەو کات کە کەشتی نەوتی کالاڤرڤتا یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەندەری جەیهانەوە هەڵگرت و بەرەو کەنارەکانی ئەمریکا بەرێکەوت، نرخی نەوت نزیکەی بەرمیلێک 107 دۆلار بوو، کە کۆی پارەکەی دەیکردە 107 ملیۆن دۆلار.



نرخی نەوت لە مانگی یەکەمی ساڵی 2015 بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزیوەو ئێستا بەرمیلێک نەوت تەنیا 48 دۆلار دەکات. لەبەر ئەوەش بەهای بارە نەوتی کەشتی کالاڤرڤتا دابەزیوە بۆ 48 ملیۆن دۆلار.



کەشتی کالاڤرڤتا لە کاتێکدا بەرەو جەبەل تارق بەڕێکەوتووە ، کە تێچووی مانەوەی لە کەنارەکانی تێکساس بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبووەوە.



کرێی رۆژانەی کەشتییەکی وەک کالاڤرڤتا رۆژانە لە نێوان 25 تا 45 هەزار دۆلارە، ئەگەر حیسابی شەش مانگ بکەین دەردەکەوێت کە زیاتر لە 8 ملیۆن دۆلار تەنیا تێچووی کرێگرتنی ئەو کەشتییە دەکات. خۆ ئەگەر تێچووە یاساییەکان لەبەر چاوبگرین، لەوانەیە زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلار زیادبکرێت بە تێچووەکانی مانەوەی ئەو کەشتییە. بەمەش کۆی گشتی تێچووەکان رەنگە خۆی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار بدات.



خۆ ئەگەر تێچووەکان لە بەهای ئێستای نەوتی ئەو کەشتییە کەمبکرێتەوە تەنیا 38 ملیۆن دۆلار دەمێنێتەوە کە زۆر کەمترە لە بەهای شەش مانگی رابردووی ئەو کەشتییە. بەڵام سووربوونی هەرێمی کوردستان لەسەر خاوەندارییەتی ئەو کەشتییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بەتایبەت کە ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتووە کە رۆژانە 550 هەزار بەرمیل بداتە سۆمۆ؟  وەڵامی ئەو پرسیارە لای جیم کرەین، شرۆڤەکار و مامۆستای زانکۆی رایسە لە شاری هیوستن.



ئەو دەڵێ “ئامانجی کۆتایی هەرێمی کوردستان کە دەسخستنی  سەروەری و بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆیە، خەڵاتی کۆتاییە.خەڵکی ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە چاک دەزانن، ئەوان نایانەوێت هیچ بەربەستێک بهێڵن لەسەر رێگای گەیشتن بەو دوایین ئامانجە.”



شەڕی یاسایی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پێناچێت بەمزووانە کۆتایی پێبێت، لەبەر ئەوەشە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورن لەسەر ئەوەی لەپاڵ هەناردەکردنی نەوت بۆ شوێنە جیاجیاکانی جیهان، بەردەوامیش بن لە هەناردەکردنی نەوتی زیاتر بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
 
رووداو