مەرجەكانی مۆڵەتی هاوردەكردن بخوێنەرەوە

لەئێستادا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و بەغداد سەرقاڵی داڕشتنەوەی مۆڵەتی نوێی هاوردەكردنن تا لەهەموو دەروازەكانی عێراقدا بتوانرێت كاری پێبكرێت.
لە لێدوانێكدا بۆسایتی ژووری بازرگانی سلێمانی عەزیز ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەبارەی دواین ڕێكەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە پێدانی مۆڵەتی هاوردە ڕایگەیاند” ماوەی دووساڵە گفتوگۆدەكەن لەبارەی ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی هاوردەكردن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق و پاش دانیشتنێكی زۆر سەرئەنجام لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 گەشتین بەڕێكەوتن بۆ ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی هاوردەكردن”.
سەبارەت بە ڕێكەوتنەكە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئاشكرایكرد ئەو مۆڵەتەی لەمەودوا كە لە هەرێم دەدرێت لە هەموو خاڵە سنوریەكانی عێراقدا بە ئاوی و وشكانی و ئاسمانیدا كاریپێدەكرێت ، وە كڵێشە و شێوازی مۆڵەتی هاوردەكردنەكە یەك شێوەدەبێت و بە زمانی عەرەبی و كوردی دەبێت و لۆگۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی لەسەردەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا لەئێستادا دەقی ئەم ڕێكەوتنە لە ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی كوردستانە و چاوەڕوانی ئەوەین ڕەزامەندی لەسەربدرێت، بۆئەوەی پاش ڕەزامەندیدان  وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان فەرمانێكی پێدەربكات بۆلایەنە پەیوەندیدارەكان كە پەیوەستبن بەوڕێنمایانەوە كەلەلایەن بەغدادەوە دەردەچێت و هەرێمی كوردستان ڕێكەوتنی لەسەر كردووە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم جەختی لەوەكردەوە بۆ هەر مۆڵەتێك ڕسومات بە بڕی 75 هەزاردینار وەردەگیرێت وەك عێراق.
ئامادەكردنی: زریان محەمەد