بازرگانان لە دەرکردنی یاساییەک نیگەرانن

ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و بازرگانان، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن، واژۆ لە سەر یاسایی زمانە فەرمییەکان نەکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، هۆکاری ئەوەش دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی، کە ئەو یاساییە رێگر دەبێت لە بازرگانی کردن و هێنانی کەلوپەلی بیانی بۆ کوردستان.
هەر چەند لە پەرلەمانی كوردستان  وا بڕیار بوو هەموو ئەو   پڕۆژە یاسایانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە، بخرێنە پێش  یاساكانی دیکە، لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکان دابندرێت، بەڵام دوای هەشت مانگ دواخستنی یاسای زمانە فەرمییەكان‌و كورت كردنەوەی یاساكە لە 46  ماددە بۆ  27  ماددە و تێپەڕاندنی لە پەرمانی كوردستان ژووری بازرگانی و چەند بازرگانێك پێیان وایە ناكرێت ئەم یاسایە بەم شێوەیە تێبپەڕێندرێـت، چونكە بە پێی ماددەی 29ی ئەم یاسایە دەبێت تەواوی ئەو كەلوپەلانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێـن بەزمانی كوردی لە سەری بنوسرێت و كەتەلۆگەكانی بە زمانی كوردی بێت، بەتایبەتی بۆ دەرمان.
دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند:”ئێمە وەك ژووری بازرگانی و بازرگانان تێبینی‌ و گلەیی نامەی خۆمان لەم یاسایە ئاراستەی پەرلەمان كردووە، چونكە هیچ كۆمپانیایەك بۆ رێژەیەكی كەمی ئەو كاڵایانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، ئامادە نییە سیستەمی كاری خۆی بگۆڕێت و زمانی كوردی بخەنە سەر كاڵاكانیان”.
 سەرۆكی  ژووری بازرگانی رەخنەی ئەوەشی لە پەرلەمان گرت، بەوەی لە دەرکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە و هەموو ئەو یاسایانەی كە پەیوەستن بە ژووری بازرگانی هەماهەنگی و پرسیان پێناكەن،
 دارا جەلیل گوتیشی:”ئێمە گلەیی نامەی خۆشمان دەگەیەنینە سەرۆكی هەرێمی کوردستان بۆ تێنەپەراندنی ئەم یاسایە”، دەشلێت، بەهەر هەڵوێست وەرگرتنێكیان رەوتی بازرگانی لە وڵات رادەوەستێت ‌و كوردستان دەگەڕێتەوە دواوە.
دوای دوو رۆژ لە گفتوگۆكردن لە لایەن پەرلەمانی كوردستان  لە سەر پڕۆژە یاسایی زمانە فەرمییەكان، ئێوارەی رۆژی 29ی تشرینی یەكەمی 2014 بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای زمانە فەرمییەكان پەسەند كرا.
 بە پەسەند كردنی ئەم یاسایە زمانی كوردی زمانی سەرەكی دەبێت و سەرجەم نووسینەكانی تابلۆ و نووسراوی فەرمانگەكان‌ و بڕیاری دادگاكان و پەروەردە بە زمانی كوردی دەبێت، بە رەچاو كردنی مافی خوێندن بە زمانی دایكی نەتەوەكانی دیکە.