كارگەكانی ئۆپڵ دادەخرێن

بە دەرچوونی كۆتا ئۆتۆمبێل لە هێڵی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەكانی ئۆپڵ لە كارگەی سەرەكی لە شاری بوخۆمی ئەڵمانی، كۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز كە خاوەندارێتی ئۆپڵ دەكات، بە یەكجاری كارگەكەی داخست.
جەنەرال مۆتۆرز بە داخستنی ئەو كارگەیە (22) هەزار كریكاری ناردە ماڵەوە و كۆتایی بە كارەكانی ئەو كارگەیە هێنا لە پاش (52) ساڵ لە كردنەوەی.
هەرچەندێك   كۆمپانیاكە دەڵێت، ئەوكارەی زیاتر بۆ خۆ رێكخستنەوەیەتی لە ئەوروپا، بەڵام دەركردنی ئەو ژمارە زۆرە لە كرێكار كارێك نییە هیچ دەركەوتەیەكی لێ‌ نەكەوێتەوە.
جەنەراڵ مۆتۆرز دەڵێت: ئەو دەیەوێت ئۆتۆمبێلی ئۆپڵ بە هاوسەنگی و توانایەكی باشترەوە بخاتەوە بازار، كە توانای ململانێی هەبێت لە بازاڕدا.
بە پێی راگەیاندنی كۆمپانیاكەش، تا ساڵی (2018)، (3) كارگەی گەورەی دیكەی ئۆپڵ لە ئەڵمانیا دادەخات.
كۆمپانیای ئۆپل لە ساڵی (1863) لە لایەن (ئادەم ئۆپڵ) دامەزراوە، لە سەرەتاوە تەنها مەكینەی خەیاتی دروستدەكردو بازاڕی ئەو بوارەی لە ئەوروپا قۆرخ كردبوو بە شێوەیەك ساڵانە (2) هەزار مەكینەی خەیاتی دروستكردووە، دواتر:
– ساڵی (1902) یەكەمین ئۆتۆمبێلی خۆی لە پێشانگەی هامبۆرگ پیشانداوە.
– (1906) یەكەمین ئۆتۆمبێلی بێ‌ هاوكاری كۆمپانیاكانی دیكە دروستكردووە.
– (1913) بۆتە گەورەترین بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا.
– (1929) جەنەراڵ مۆتۆرزی ئەمریكی (80%)ی پشكەكانی كڕیوە و دواتر لە ساڵی (1931) كردی بە (100%).
– ساڵی (1971) یەكەمین ئۆتۆمبێلی ئۆپڵ هاتۆتە ئاسیاوە.
– (2006) یەكەمین ئۆتۆمبێلی لە ژاپۆن فرۆشتووە.
– لە ئێستاشدا جەنەراڵ مۆتۆرز بە نیازی دووبارە رێكخستنەوەیەتی.