پلانێكی ستراتیژی بۆ سلێمانی دادەنرێت

پارێزگای سلێمانی لە هەوڵدایە پلانی ستراتیژی لەسەرجەم بوارەكاندا، بۆ ماوەی سێ‌ ساڵی داهاتوو پارێزگای سلێمانی دابڕێژێت و بۆ ئەو مەبەستەش بریارە لە ماوەیەكی نزیكدا كۆنگرەیەكی زانستی ببەستێت.
وەك ئامادەكارییەكیش بۆ ئەو كۆنگرەیە لیژنەی پلانی ستراتیژی  پارێزگای سلێمانی بەردەوامە لە كۆبوونەوەكانی و تا ئێستا  13 كۆبوونەوەی بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام داوە.
كاری لیژنەكەش بریتیە لە ئامادەكردنی ناوەڕۆكی پلانی ستراتیژی بۆ ئەوەی لەكۆنگرەكەدا بخرێتەروو و دەرئەنجامەكانی لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەكەوە دیاری بكرێت كە كەسانی پسپۆر و شارەزای بواری پلان دانانن.
لیژەنەكە  كارەكانی بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و رێكخراوی UNDP سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمپانیای میداڵ ئەنجام دەدات.
بریاریشە كۆنگرەكە لە ماوەیەكی نزیكدا لەشاری سلێمانی ئەنجام بدرێت و ماوەی  2 رۆژ بخایەنێت و لە كۆنگرەكەدا لەلایەن كەسانی شارەزا و پسپۆڕەوە  ناوەڕۆكی پلانی ستراتیژی  پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵانی 2015و 2016و 2017  لەسەرجەم بوارە جۆراو جۆرەكاندا هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت و بریاری لەسەر بدرێت.