رۆژانە 600 ملیۆن پێ‌ چوارگۆشە غازی سروشتی عێراق بەفیڕۆدەچێت

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت: بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان عێراق لە پلەی چوارەمدایە لە پیسکردنی ژینگەی جیهان و دەشڵێت: رۆژانە  (600) ملیۆن پێ چوارگۆشە غازی سروشتی لەعێراق بەفیڕۆ دەچێت.
عادل عەبدول مەهدی، وەزیری نەوتی عێراق لە وتارێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، وڵاتەکەی رۆژانە بڕی (600) ملیۆن پێ چوارگۆشە لە غازی سروشتی دەسوتێنێت و ئەوەش بوەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پیسبونی ژینگەی وڵات و جیهان.
ئاماژەی بەوەشكردوە، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی عێراق خۆڵبارینە، کە ساڵانە (100) هەزار تۆن خۆڵ بەسەر وڵاتدا دەبارێت و بوەتە هۆی پیسکردنی ژینگە.
لەبارەی دۆخی سامانی ئاویشەوە، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت: رۆژانە روباری دیجلە تەنها (250) هەزار تۆن ئاوی پاکژ بەرهەم دەهێنێت و رێژەی پیسبونی ئاویش دەگاتە (16%) و لە بەشێک لە ناوچەکانی باشوری وڵاتیش دەگاتە (30%)، کە ئەو رێژەیە لە ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە.
هەروەها باسلەوەش دەکات کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە پێویستی هەوڵی جدی هەبێت، بەتایبەتیش بۆ رێگریکردن لە بەهەدەردانی ئەو رێژە زۆرەی غازی سروشتی، کە جگە لە زیانە ژینگەیەکەی، زیانی ملیۆنەها دۆلاریش لەوڵات دەدات.