بڕینی بودجە چی لە ئابوری هەرێم كردووە ؟

لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە, جگە لەو بارودۆخە ئەمنییەی دوایی لە سنووری ھەرێمی کوردستان سەریھەڵدا، کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەرێمی كوردستان، بەتایبەتی بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەران، کاریگەری خۆی ھەبوو لەسەر باری ئابووری بە گشتی.
 
بارزان ساڵح موستەفا، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەت و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای FFStealی تورکی بۆ ئاسن و پۆڵا, بە ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی گوتووە ‌‌بڕینی بودجە لەلایەن بەغدا و کێشەکانی حکوومەتی بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، کاریگەری زیاتر بوو لە مەترسییەکانی داعش بۆ سەر چالاکی کۆمپانیاکەمان، بووە ھۆی بڵندبوونی نرخی تێچوون و نزمبوونەوەی داواکاری لەسەر ئاسن و پۆڵا‌‌.
 
بارزان ساڵح موستەفا ھەروەھا گوتووشیەتی ‌کۆمپانیاکەیان لە کاتی ڕووداوەکانی ئەم دواییە تەنیا بۆ یەک ڕۆژ لە کار وەستا, دوای ئەوە گەڕاینەوە سەر کاری ئاسایی خۆمان، خاوەن کۆمپانیاکە خۆی ھاتە لامان بۆ دڵنیایی کردنەوەی کارمەندەکان و ھیچ لە کارمەندە بیانییەکانمان کوردستانی جێنەھێشت‌‌.
 
لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌, گشت لایەنە بازرگانییەکان و کۆمپانیا بیانییەکان، ھیوادارن کە پاش سەقامگیربوونەوەی ڕەوشی ئەمنی لە سنووری ھەرێمی کوردستان و باری سیاسی بە گشتی، جموجۆڵی بازرگانی و چالاکی ئابووری دەست پێبکاتەوە لە ھەرێمی کوردستان، بە ھەمان شێوەی جاران.
 
زیاد حەسەن، سەرۆکی لقی ھەولێری بانکی BBAC لوبنانی، کە سەرەڕای ئەم ڕەوشە ئەمنییەی دوایی لقەکەیان لە ھەولێر دانەخست و ھیچ یەک لە کارمەندەکانیان کوردستانی جێنەھێشت، بە ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی گوتووە ‌‌بە مەزندەی ئێمە، خستنەوەی پارە لە ناو بازاڕەکاندا دەبێتە ھۆکاری بەپەلە گەڕانەوەی جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی بۆ ھەمان شێوەی جاران، ئەمەش یەکێکە لە ھیواکانمان کە بە زووترین کات بگات‌‌.