لەمەودوا بە پەنجەمۆر ژمارە بانكییەكەت بكەرەوە

زاناكان ئامێرێكی نوێیان داهێناوە لەجیاتی كۆد‌و پاسۆرد‌و وشەی نهێنی بۆ كردنەوەی ژمارە بانكیی‌و داهێنانەكەش ئێستا لەتاقیكردنەوەدایە. ئەو ئامێرە ‏قەبارەیەكی بچووكی هەیە‌و لەشێوەی سكانەردا كاردەكات، شوازی كاركردنی ئەم ئامێرە ئەوەیە كە خوێنبەری پەنجەكانی دەستی بەكاربەر وەك هێمای ‏پەنجەمۆر دەخوێنێتەوە‌و هەركەس بیەوێ ژمارە بانكییەكەی بكاتەوە، پەنجەی دەخاتە ناو ئامێرەكەوە‌و ئامێرەكەش تایبەتمەندی كەسەكە لەڕێگەی ‏خوێنبەرەكانی پەنجەیەوە دەناسێتەوە.‏
ئەم شێوازە نوێیە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەگەڵ شێوازە كۆنەكەی پەنجە مۆردا، بۆ یەكەم جار لەژان‌و پۆڵەندا بەكاردێت‌و یەكەم بانكیش كە بەكاری ‏دەهێنێت، بانكی (باركلیز)ی بەریتانیایە، ئەویش سەرەتا بەتەنیا بۆ كۆمپانیا‌و بازرگانە گەورەكانی دادەنێت، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لەئایندەیەكی نزیكدا ‏خزمەتگوزاری ئەم ئامێرە‌و خوێندنەوەی خوێنبەری پەنجە بۆ كردنەوەی ژمارەی بانكیی، بكەوێتە بەردەستی هەموو بەكاربەرێك.‏
بوار بەساختەكاریی نادات
تەكنیكی كاركردنی ئەم ئامێرە نوێیە لەوەدایە، كە تیشكی ژێر سووری تێدایە‌و تایبەتمەندییەكانی ئەو مرۆڤە دەخوێنێتەوە‌و پشكنینی بۆ دەكات، تا دڵنیا ‏دەبێت لەوەی كە هەمان كەسی خاوەنی ژمارە بانكییەكەیە، گرنگییەكەشی لەوەدایە بوار بۆ ساختەكاری ناهێڵێتەوە، چونكە ئەم ئامێرە تەنیا پەنجەی ‏زیندوو دەخوێنێتەوە‌و هیچ پەنجەیەكی تری دروستكرا ناخوێنێتەوە، بەوەش رێگە لەفڕوفێڵەكانی دزەكان دەگرێ‌و ناتوانن ژمارەی بانكیی كەسانی تر ‏بكنەوە‌و بەكاری بهێنن. ئامێرەكە بەقەد تۆپێكی تێنسی سەر زەوی دەبێت‌و لەڕێگەی (یو ئێس بی)یەوە بەكۆمپیوتەرەوە دەبەسترێ.‏
لەژاپۆن بەكار دێت
ئەم ئامێرە بۆ یەكەم جار كۆمپانیای هیتاشی  لەژاپۆن بەكاری هێنا‌و ئێستاش لەو ئامێرانەی لەسەر جادەكان پارەیان لێ دەردەهێنرێت لەژاپۆن‌و پۆڵەندا ‏بەكار دەهێنرێت‌و ئەوانەی ئەشدارییان كردووە‌و تەنیا پەنجەیان دەخەنە ئامێرەكەوە‌و پارەكەیان دەردەهێنن، بێئەوەی پێویست بە پاسۆرد‌و كۆد‌و وشەی ‏نهێنی بكات‌و هەموو كارەكەش تەنها چەند سانیەیەكی پێدەچێت، بیرۆكەی ئامێرەكەش دوای ئەوە سەری هەڵدا كە دانانی پاسۆردی دورودرێژ‌و ئاڵۆز ‏كێشەی بۆ بەكاربەرەكان دروست دەكرد، چونكە دەبوایە ئەو لەو پاسۆردە دورودرێژانە لەبەر بكەن‌و كێشەیەكی تریش ئەوەبوو كە زۆر جار دزێك دەیتوانی ‏پاسۆردەكە بدزێت‌و بچێتە ناو ژمارە باكییەكەوە.‏
پارەكەی لەخۆیان وەردەگرێت
لەبەریتانیاش بانكی (باركلیز) هەوڵ دەدات ئەو تەكنۆلۆژیایە بەكار بهێنێت، بەڵام وەك سەرەتا بۆ بازرگانە گەورەكان‌و كۆمپانیاكان بەكاری دەهێنێت، ‏هۆكارەكەشی ئەوەیە، بانكەكە داوا لەو بازرگان‌و كۆمپانیایانە دەكات كە خۆیان تێچووی هێنانی ئامێرەكە بگرنە ئەستۆ، لەبەر ئەوەی گران دەكەوێت لەسەر ‏بانكەكە. (ئاشوك فاسوانی) سەرۆكی بەشی خزمەتگوزارییە باكییەكان رایگەیاند، ئەو تەكنیكە نوێیە زۆر گونجاوە بۆ بەكاربەرەكانمان، بەتایبەت بۆ ئەو ‏بازرگان‌و كۆمپانیایانەی رۆژانە كاروباری دارایی گەورەیان لەبانكەكەدا هەیە. ئاماژەی بەوەشكرد، كە بانكەكەیان جارێ ئەو خزمەتگوزارییە ناخاتە ‏بەردەستی هاووڵاتیانی ئاسایی، چونكە ئەوان خۆشیان حەز بەخەرجێكی زیادە ناكەن لەبری بەكارهێنانی ئەو ئامێرە.‏
كێشەكانی ئەم ئامێرە
یەكێك لەكێشەكانی ئەم ئامێرە نوێیە ئەوەیە، كە ناتوانرێت لەگەڵ ئەو خزمەتگوزارییانەدا بەكار بهێنرێت كە لەڕێگەی مۆبایلەوە جێبەجێ دەكرێت، ‏‏(ئاشوك فاسوانی)یش لەو بارەیەوە دەڵێ: بێگومان ئەوانەی مۆبایل بەكار دەهێنن بۆ مامەڵە بانكییەكانیان ناتوانن ئەم تەكنیكە نوێیە بەكار بهێنن، ‏كێشەكەش لەوەدایە كە زۆربەی هاووڵاتیان حەزدەكەن مۆبایل بەكار بهێنن، چونكە بەكارهێنانی ئاسانە.‏
كێشەیەكی تریش ئەوەیە كە لەبەر گرانییەكەی، ئەم ئامێرە ناتوانرێت بۆ كاری وردە‌و تاكفرۆشی بەكار بهێنرێت، بەڵام رەنگە رۆژگارێك جۆرێكی تر لەم ‏ئامێرە دروست بكرێت كە بۆ ئەو جۆرە كارانەش بەكارهێنانی ئاسان‌و هەرزان بێت.‏ 
كوردستانی نوێ‌