بانکی ھەریم ئاگای لە پارەی فرۆشتنی نەوت نییە

لە کاتێکدا بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایانکردوە یەک ملیاردۆلاری فرۆشتنی نەوت ھاتۆتە ھەرێم، بەڵام بانکی ناوەندی کوردستان بێ ئاگایی خۆی لە پارەی فرۆشراوی نەوت دەخاتەروو. 

 

وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاندوە تائێستا، نزیکەی ملیارێک دۆلار لەپارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ھەرێم و حکومەتیش لەبواری بودجە و پێداویستییەکانی تردا خەرجی کردوە.

بەڵام ئەدھەم کەریم دەروێش بەرێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند ئاگاداری پارەی نەوت نییە.

پێشووتر بەرێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کردبوو” بە دڵنیایی داھاتی پارەی نەوت وەکو ھەر داھاتێکی تری حکوومەت دێتە بانکی ناوەندی کوردستان.

بەڵام لەم لێدوانە تازەیدا ئەدھەم کەریم دەروێش دەڵێ: ئەو بابەتە پێوەندی بە منەوە نییە، دەبێت پرسیار لە وەزارەتی دارایی بکەن، دەزانم بەپێی فەرمی دەبێت بێتە بانکی ناوەندی بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە لە وەزارەتی دارایی بکەن.

لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە نەوت ھەناردەی بازارەکانی جیھان دەکات و پارەکەشی لە ھالک بانکەوە دێتەوە کوردستان.