یڵدز: 20ـەمین كەشتی چاوەڕێی نەوتی كوردستان دەكات

 
تانەر یڵدز، وەزیری وزەو سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئەو وڵاتە 13 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستانی هەناردەكردووە.



لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی راستەوخۆدا، وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، 19 یەمین كەشتی نەوتهەڵگر نەوتەكەی لە بەندەری جەیهان باركردووەو ئامادەیە بۆ گواستنەوەی.



یڵدز هەروەها رایگەیاند، كە ئێستا 20ـەمین كەشتی نەوتهەڵگر لە بەندەری جەیهان لەنگەری گرتووە بۆ باركردنی بارە نەوتەكەی.



وەزیری وزەی توركیا راشیگەیاند، ئەو بڕە لە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە هاتووەتە ژمارە بانكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هاڵك بانكی توركیا، گەیشتووەتە 400 ملیۆن دۆلار.



شارەزایانی نەوت پێیانوایە، سەرەرای ئەو هەمووە ئاستەنگ و كێشانەی، كە حكومەتی عێراق بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستی كردووە، هەرێمی كوردستان سەركەوتووبووە لە فرۆشتنی نەوتی خۆی و توانیویەتی نەتەنیا لە بازاڕی ئەمریكا، بەڵكو لە بازاڕە ئاسیاییەكانیش نەوتی بەرهەمهاتووی خۆی بفرۆشێت.



پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندبوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی لە بازاڕی چینە و بەنیازە بڕێكی بەرچاو نەوت بەو وڵاتە بفرۆشێت.