لەدوای ساڵی 2003 و  تا ئێستا 268,364 كەس وەك ئاوارە روویان لە پارێزگای سلێمانی كردووە

 لە بینای پارێزگای سلێمانی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و  دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەری رێكخراوە ناوخۆییەكان و رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە  نێودەوڵەتییەكان لەشاری سلێمانی كۆبوونەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەسەر بەرنامەی رێكخراوەكان بۆ كۆمەكی ئاوارەكان و میكانیزمی كاركردنی رێكخراوەكان و پەلەكردن لە تەواوكردنی دروستكردنی كەمپی ئاوارەكان و چۆنێتی دابەشكردنی ئەو هاوكاریانەی لە لایەن وڵاتانەوە دەبەخشرێت بە ئاوارەكان.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی ژمارەی ئاوارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی خستەروو
لەو رووەوە پارێزگار رایگەیاند: لەدوای ساڵی 2003 و  تا ئێستا 268,364 كەس وەك ئاوارە روویان لە پارێزگای سلێمانی كردووە.
پارێزگار وتیشی: بەهۆی هێرشەكانی داعشەوەو لە سەرەتای مانگی  حوزەیرانی ئەمساڵەوە (171528) كەس روویان لە سلێمانی كردووە كە وردەكارییەكانی ئەم شەپۆلی ئاوارەبوونەی دوای بەم جۆرەیە:
رووداوی داگیركردنی  شنگال لەلایەن داعشەوە:      (66573) هەزار كەسی لە ئیزدییەكان ئاوارەی سلێمانی كردوە
كوردانی شەبەك، كە لەناوچەكانی نزیك شاری موسڵ دەژین 23792  كەسیان كە دەكاتە    4315  خێزان رووەو سلێمانی ئاوارە بوون
مەسیحیەكانیش :     1550 كەس   كە دەكاتە  / 401   خێزان هاتوونەتە سلێمانی.
پارێزگاری سلێمانی  ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لە كاتی ئاوارەبوونی كوردانی رۆژئاوادا حكومەتی هەرێمی توانای دارایی باشی هەبوو بۆیە بودجەیەكی پێویستی بۆ ئاوارەكان تەرخانكردوو بەو هۆیەشەوە  بەهاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی توانیان پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەن، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە حكومەتی هەرێم ناتوانێت بودجە بۆ ئاوارەكان تەرخان بكات بۆیە حكومەت زیاتر چاوی لەدەستی رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاری ئاوارەكان.
پارێزگار داوای كرد لە رێكخراوەكان پەلە بكەن لە كردنەوەی كەمپەكان و وتی: وەرزی سەرما نزیك بووتەوە و ئاوارەكان پێویستیان بە جێگەی باشتر هەیە بۆیە دەبێت كەمپەكان بە زووترین كات  تەواو بكرێن، بەڵام بە میكانیزمی ئێستای رێكخراوەكان ناتوانرێت بەر لەوەرزی سەرما ئەو كەمپانە ئامادە بكرێت و داوای كرد میكانیزمەكەیان بگۆڕن و لە هەستیاری هەلومەرجەكە تێبەگەن.
پارێزگار ئاشكراشی كرد تائێستا ئەو هاوكاریانەی لەلایەن وڵاتانەوە بۆ ئاوارەكان تەرخانكراوە نەگەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بۆ قەربارەی قەیرانی ئاوارەكان كردوو رایگەیاند قەیرانە سەختەو  نزیكەی 1ملیون و 400 هەزار  ئاوارە  رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە بۆیە تەنیا بە كردنەوەی كەمپ و هاوكاری ئاوارەكان قەیرانەكە چارەسەر نابێت و پێویستی بە چارەسەری سیاسی و سەربازی تر دەبێت.
دیندار زێباری ، لەبارەی چۆنێتی دابەشكردنی ئەو كۆمەكانەی لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە بۆ ئاوارەكان رەوانەكراوە، رایگەیاند كۆمەكەكان لەلایەن رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان یان لەلایەن وڵاتەكان خۆیانەوە  راستەخۆ نێردراون بۆ  ناوچە كارەسات بارەكان  وتیشی دەبێت رێكخراوەكان لەگەڵ پارێزگاكاندا هەماهەنگی بكەن بۆ دابەشكردنی ئەو كۆمەكانە بەسەر ئاوارەكاندا
دیندار زێباری  تەئكیدی كردەوە كە هاوكارییەكان وەك پێویست نین و لەئاستی قەبارەی ئاوارەكاندا نییە.
سەبارەت بە هەڵوێستی عیراقیش دیندار زێباری وتی، عیراق وەك پێویست هاوكاری ئاوارەكانی نەكردووە  و تا ئێستاش داوای لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی نەكردووە بۆ هاوكاری ئاوارەكان.
دیندار زێباری  ئاشكراشی كرد رەنگە لە ماوەی داهاتوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان كۆببێتەوە لەسەر پرسی رەشەكوژی و كۆمەڵكوژی  ئێزدییەكان لەلایەن چەكدارە تیرۆریستەكانی داعشەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا  نوێنەری UNHCR لە سلێمانی رایگەیاند دەستیان كردووە بە دروستكردنی سێ‌ كەمپی نوێ‌ لە سلێمانی و دیزاینەكانیان تەواو بووەو  زەوییەكانیش بڕین و تەختكردنی بۆ كراوەو لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست دەكەن بە دروست كردنی كەمپەكان كە دەكەونە چەمچەماڵ و كەلار و دوكان.
 
ز.ر