كۆمەك و هاوكاری لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوەگەیشتە شاری سلێمانی 

 كاروانێكی كۆمەك و هاوكاری بۆ ئاوارەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوەو لە شاری سنەوە گەیشتە شاری سلێمانی 
كۆمەكەكە بریتی بوو لە 220  تەن كەلوپەل و شتومەكی پێویست بۆ ئاوارەكان و لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و  هاووڵاتیانی شاری سنەو و دەروبەرییەوە كۆكرابووەوە بۆ ئاوارەكان بە تایبەت ئاوارەكانی شەنگال.
هەر ئەمرۆش بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد، لە وەفدێكی مانگی سوری كۆماری ئیسلامی ئێران كە ئەو كۆمەكانەی شاری سنەی هێنابووە سلێمانی.
پارێزگاری سلێمانی لە میانی دیداریدا لەگەڵ ئەو وەفدە سوپاسی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد بۆ بەهاناوە هاتنی ئاوارەكان و پشتیوانیان لە هەرێمی كوردستان و رایگەیاند كۆماری ئیسلامی ئێران و هاووڵاتیانی ئێران هەموو كات لە كاتی تەنگانەدا بەهانای هەرێمی كوردستانەوە هاتوون و ئەم جارەش لەم قەیرانەدا كۆماری ئیسلامی ئێران یەكەمین وڵات بوو كۆمەكەكانی گەیاندووەتە ئاوارەكان.
وەفدەكەش لە میانی دیدارەكەیاندا پەیامێكی عەبدول حەمید زاهدی  پارێزگاری كوردستانیان گەیاندە پارێزگاری سلێمانی.
پارێزگاری كوردستان لە پەیامەكەیدا بۆ پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: تاوانەكانی گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا و عیراق تەنیا یەك مەزهەب و یەك وڵاتی نەكردووە بە ئامانج  بەڵكو تەواوی ناوچەكەی كردووە بە ئامانج، بۆیە كۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوەتی لەگەڵ گەلی عیراقی دۆست و دراوسێی دەوەستێت بۆ رووبەروونەوەی ئەو گروپە، چونكە رووبەروونەوەی تیرۆر پێویستی بە هاوكاری هەموو وڵاتان هەیە و چونكە دەركەوتنی ئەم گروپە مەترسیە لەسەر هەموو میللەتانی ناوچەكە.
پارێزگاری كوردستان لە درێژەی پەیامەكەیدا بۆ پارێزگاری سلێمانی  دەڵێت: بە هاوكاری خودا تا سەركەوتنی یەكجارەكی و جێگربوونی ئارامی و ئاسایش لە تەواوی ناوچەكە لەگەڵ ئێوەدا دەمێنینەوە.
لەبەرامبەر ئەو پەیامەدا پارێزگاری سلێمانی سڵاو رێزی تایبەتی نارد بۆ پارێزگاری كوردستان و رایگەیاند ” لای ئێمە سلێمانی و سنە هیچ جیاوازییەكیان نییە و كۆمەك و پشتیوانییەكانی پارێزگاری كوردستان و خەڵكی ئەو پارێزگایە دووپاتكردنەوەی پەیوەندنی قوڵی هەردوو لایە”
لە كۆتای دیدارەكەیاندا وەفدی مانگی سوری ئێرانی و رێكخراوە مەدەنییەكانی سنە، تەئكیدیان لە پشتیوانی و بەردەوامی و خەمخۆری هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی كوردستان و رێكخراوە مەدەنییەكانی پارێزگای كوردستان كردووە بۆ هاوكاریكردنی زیاتری ئاوارەكان.
 
ز.ر