چەند بڕیارێك سەبارەت بە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون

ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێك سەبارەت بە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون دەردەكات، بە شێوەیەك كە باری داراییی كەمدەرامەتان‌ رەچاوبكرێت و سوودمەندی پلەیەك لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون، كەمدەرامەتان بن.



ئەمڕۆ 1ی ئەیلوولی 2014، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. وەک لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا كاریگەریی رەوش و پێشهاتەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی و بڕینی بو‌دجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، لەسەر وەبەرهێنان و ئەو پڕۆژانەی بوارە جیاجیاكانی وەبەرهێنان لەژێر جێبەجێكردندان تاوتوێكراون.



لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان جەختی لەوە كردووەتەوە، كە پەلەبكرێت لە پەسەندكردنی یاسای دەستەی نیشتەجێكردن بۆ رێكخستنەوەی رێنمایی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و پێدانی مۆڵەت بە پرۆژەكان بەپێی یاسای دەستەكە، بۆ ئەوەی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون دەست پێبكەنەوە، كە تا ئێستا هەموویان بەهۆی پەسەندنەكردنی ئەم یاساوە، وەستاون، بە شێوەیەكیش كە باری داراییی كەمدەرامەتان‌ رەچاوبكرێت و سوودمەندی پلەیەك لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون، كەمدەرامەتان بن.



ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان هەروەها بڕیاریدا رێنماییی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ ئەو پرۆژانەی مافیان هەیە داوای مۆڵەتی وەبەرهێنان بكەن رێكبخرێتەوە، بە تایبەتی بۆ ئەو كۆمپانیایانەی دەیانەوێ لە یاسای وەبەرهێنان سوودمەندبن. بۆ ئەمەش بڕیاردرا لیژنەیەك پێكبێت بۆ ئەوەی بە یەك بە یەكی پرۆژەكان لە بواری پیشەسازی، گەشتیاری و كشتووكاڵیدا بچێتەوە و بڕیاریان لێبدات.


لە هەواڵەکەی ماڵپەری فەرمی حکومەتدائەوەش هاتووە “ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان لیژنەیەكی دیكەی پێكهێنا بۆ ئەوەی بە داوای ئەو كۆمپانیایانەدا بچێتەوە كە بە هۆی رەوشی ئێستاو قەیرانی داراییەوە زەرەرمەندبوون، داوایانكردووە ماوەی ئەنجامدانی پرۆژەكانیان بۆ درێژبكرێتەوە، ئەم ماوەیە نەیانتوانیوە وەك پێویست كاربكەن و پرۆژەكانیان دواكەوتوون. جگە لەمە ئەو لیژنەیە كار لەسەر ئەوە دەكات كەیسی كۆمپانیاكان ساغ بكاتەوە و رێبگریبكات قۆڕخكاری و قۆستنەوەی بازاڕ لە لایەن چەند كۆمپانیایەكەوە”.
 
ز.ر