شەقامی سەرەكی دەباشان-ئەزمەڕ رووناك دەكرێتەوە

پرۆژەی روناككردنەوەی شەقامەكان یەكێك لەو پرۆژانەی كە حكومەتی هەرێم گرنگی زۆری پێ دەدات و لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەسەدان كیلۆمەتر لەشەقامە سەرەكی و لاوەكیەكانی رووناككردۆتەوەو پلانیشی داڕشتوە كە چەندین پرۆژەی دیكەی رووناككردنەوە جێبەجێ‌ بكات، یەكێكی دیكە لەو پرۆژانەی كە ئێستا لەقۆناغی جێبەجێكردندایە پرۆژەی روناككردنەوەی شەقامەكانی سەرەكی دەباشان-ئەزمەڕە، كە لەگەڵ فراوانكردنی شەقامەكەو بەدووسایدكردنی جێبەجێدەكرێت، كە دانانی تۆڕی رووناكیەكەش سوودێكی زۆری هەیە بۆ شەقامەكەو هەروەها بۆ هاتووچۆی گەشتیاران كە ناوچەیەكی گەشتیاری گرنگە لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا.

لەوبارەیەوە ئەندازیار هێمن عومەر قادر رایگەیاند: پرۆژەی رووناككردنەوەی شەقامی دەباشان بریتیە لەدانانی (105) ستوونی رووناكی، پێكهاتەی رووناكی (گڵۆپ) (210) دانەو لەگەڵا (16) ستوونی (11) مەتری.

وتیشی: پرۆژەكە راستەوخۆ لەلایەن بەشی رووناكی لەبەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سلێمانیەوە جێبەجێدەكرێت و بودجەكەی بریتیە لە(393.703.640) دینار لەلایەن پارێزگای سلێمانیەوە دابین كراوە.

جگە لەم پرۆژەیەش لەئێستادا لەناوشاری سلێمانی بەبەڕی زیاتر لەیەك ملیار دینار سێ پرۆژەی دیكەی رووناكردنەوەی شەقامەكانی سلێمانی لەقۆناغی جێبەجێكردندایە كە بریتین لەروناككردنەوەی شەقامی سەرەكی بەكرەجۆ كۆن و بەشێك لەگەرەكی چوارچرا كە لەپردی قالاواوە دەست پێدەكات، لەشەقامی سەرەكی قولەرەیسی و شوقەكانی گۆیژە ستی، وتیشی: درێژی پرۆژەی ئینارەی ئەو شوێنانە (6) كیلۆمەترە ، بریتیە لەدانانی (395) ستوونی قۆڵ كە بەرزییەكەیان (12 مەترە)، لەگەڵ دانانی (740) گڵۆپ، لەگەڵ دانانی 6 محەویلەی كویسك.

جێگەی ئاماژەكردنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی تا كۆتایی ساڵی رابردوودا زیاتر لە(215.110) كم پرۆژەی رووناكردنەوەی شەقامەكانی ناوشاری سلێمانی و قەزاو ناحیەكانی ئەنجامداوەو لەبەرنامەشیدایە چەندین پرۆژەی تر جێبەجێ بكات.

ز.ر