چەکێکى نوێی پارە دەگاتە سلێمانى

لەرۆژى پێنج شەمەى رابردووەوە پێدانى پارەى کڕینەوەى گەنمى ئەمساڵى جوتیاران دەستى پێکردووەو پرۆسەکەش بەردەوامە، هاوکات چەکێکى نوێى پارەى گەنم گەشتووەتە سلێمانى .
لەرۆژى پێنج شەمە(28/8) وە لە بانکى بابان لە شارى سلێمانى پێدانى پارەى کڕینەوەى گەنمى جوتیاران دەستى پێکردووە و بانکەکە رۆژانە 100-150 چەک خەرج دەکات.
هاوکات بۆ ئەو ناوچانەى بنکەى وەرگرتنى گەنمى لێ بووە، هەر لەناوچەکەى خۆیان جوتیاران دەتوانن سەردانى بنکەکان بکەن بۆ وەرگرتنى چەک و پێدانى پارەکانیان لە بانکەکانى ناوچەکەیان.
ئەمساڵ پرۆسەى وەرگرتنى گەنمى جوتیاران لە پارێزگاى سلێمانى لە 5ى حوزەیرانەوە دەستى پێکردوو و پێدانى پارەى جوتیارانیش بەپێى ریزبەندى کاتى وەرگرتنى گەنمەکەیە لە جوتیاران، واتە بەپێى ریزبەندى رۆژ و سەعاتى وەرگرتنى گەنمەکە جوتیار چەکەکەى بۆ خەرج دەکرێت و بەهیچ شێوەیەک پێش و دوا ناخرێت و هەر جوتیارێکیش سکاڵاى لە ریزبەندییەکەى هەبوو دەتوانێت پەیوەندى بە لیژنەکانى سکاڵاوە بکات کە ژمارەکانیان لە بنکەکان هەڵواسراوە
بەرهەمى گەنمى ئەمساڵى جوتیاران لە سنورى پارێزگاى سلێمانى 221 هەزار تەنى تێپەراندووە، کە بەرێژەیەکى زۆر لە بەرهەمى ساڵى پار زیاترە.
پارەى کڕینەوەى گەنمى جوتیاران ساڵانە لەلایەن وەزارەتى بازرگانى حکومەتى ناوەندەوە دابین دەکرێت  لەئێستاشدا چەکێکى ئەو پارەیە بە بڕى 12 ملیارد و 200 ملیون دینار بۆ ئەو جوتیارانە خەرج دەکرێت کە لەسەرەتاى پرۆسەى کڕینەوەى گەنم تا 5ى تەموز گەنمیان لێ وەرگیراوە 
هاوکات  چەکێکى ترى پارەى کڕینەوەى گەنمى جوتیاران گەشتووەتە سلێمانى کە بڕەکەى 12ملیارد و 700 ملیونەو  بریارە لە چەند رۆژى داهاتوودا و دواى خەرجکردنى چەکى یەکەم ئەو بڕە پارەیەش بدرێت بە جوتیاران.