گۆلڤ كیستۆن باس لە كاریگەری كشانەوەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت دەكات لە هەرێم

کشانەوەی فەرمانبەرانی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر پلانەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی خاو.کۆمپانیای “گۆلڤ کیستۆن پترۆلیۆم” لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: بەھۆی کشانەوەی فەرمانبەرە بیانییەکان و زیادبوونی رێژەی توندوتیژی لەناوچەکانی باکووری عێراق، ئەگەری ئەوە ھەیە کۆمپانیاکەیان پلانەکانی تایبەت بەزیادکردنی بەرھەمھێنان لە کێڵگەی شێخان بۆ ساڵی داھاتوو دوا بخات و تا چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ بەرھەمی رۆژانەی ئەو کێڵگە نەوتیە لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ھەزار بەرمیلدا دەبێت.کۆمپانیای “گۆلڤ کیستۆن” ئەوەشی خستۆتەروو کە، بڕیاربووە تا کۆتایی ئەمساڵ ئاستی بەرھەمی رۆژانەی ئەو کێلگەیە بۆ ٤٠ ھەزار بەرمیل زیادبکرایە، بەڵام بەھۆی کشانەوەی فەرمانبەران ناتوانرێت بەرھەمی رۆژانە بۆ ئەو ئاستە بەرزبکرێتەوە.راگەیاندنی ئەم ھەواڵە ھاوکاتە لە گەڵ لێدوانی چەند بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بەزیادکردنی بەرھەمی نەوتی خاوی ھەرێمی کوردستان بۆ ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.