عێراق ١٦ ملیار دۆلار زیانی لە کەرتی نەوت پێگەیشتووە

وەزارەتی نەوتی عێراق، رایگەیاند: بەھۆی رادەست نەکردنی بەشە نەوتی ھەناردەکراوی ھەرێم و راگرتنی ھێڵی گواستنەوەی نەوتی کەرکوک – جەیھان، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤ـەوە زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلار زیان بەر عێراق کەوتووە. 
لەوبارەیەوە، “عاسم جیھاد” وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رایگەیاند: لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە ھەناردەی نەوتی عێراق لەرێی ھێلی کەرکوکەوە بەھۆی کردەوە تێرۆریستیەکانەوە پەکیکەوتووە کە پێشتر رۆژانە ٣٠٠ تا ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لەو بۆریەوە ھەناردە دەکراو داھاتەکەشی دەکاتە ١ ملیارو ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا، بەجۆرێک لە شەش مانگی رابردوودا دەگەیشتە ٧ ملیارو ٢٠٠ ملیۆن دۆلار. 
ئەوەشی خستەروو بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٤،  ھەرێم پابەند کراوە بەھەناردەکردنی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، ئەویش بەھەمان شێوە مانگانە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی لە بودجەی گشتی عێراق داوە، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەکاتە ٩ ملیارو ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.
 
ز.ر