توركیا له ئێرانه‌وه‌ كه‌لوپه‌ل بۆ عێراق ده‌نێرێت

بارهه‌ڵگره‌كانی توركیا له‌ رێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ كه‌لوپه‌له‌كانیان بۆ عێراق ده‌گوازنه‌وه‌.
زیا ئاڵتون یەڵدز راوێژكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و گومركی توركیاو مه‌سعود كارباسیان، سه‌رۆكی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی گومركی ئێران، رێكه‌وتنێكیان له‌سه‌ر دروستكردنی لیژنه‌ی گومركی هاوبه‌شی نێوان هەردو وڵات ئیمزاكرد.
یەڵدز، له‌ لێدوانێکیدا کە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوە کرد، به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كان به‌دو هێڵی ئێران بۆ ناوچه‌كانی ناوه‌ند و باشوری عێراق، ئه‌و رێكه‌وتنه‌ ئیمزا كراوه‌.
وتیشی: بارهه‌ڵگره‌كانی توركیا به‌ رێگای ده‌روازه‌ی سنوری میهران كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سنوری ئێران – عێراق ده‌توانن به‌ره‌ و به‌غدا و باشوری عێراق كه‌لوپه‌له‌كان بگوازنه‌وه‌.
لای خۆشیەوە مه‌سعود كارباسیان ئاشكرایكرد، له‌گه‌ڵ توركیا هاوڕا بون‌ له‌ دامه‌زراندنی لیژنه‌ی سنوری هاوبه‌ش بۆ كارئاسانی مامه‌ڵه‌كانی گومرگ له‌ نێوان هه‌ردولادا.
ئەوەشی خستەڕو، دەروازەکانی میهران، جه‌لساده‌، شه‌لماجه‌ لە گرنگترین ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی نێوان ئێران و عێراقن به‌مه‌ش ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ی له‌ توركیاوه‌ دێن ده‌توانن به‌ سه‌لامه‌تی به‌ره‌و عێراق بچن.