نرخی کارەبای ماڵان بەرزدەبێتەوە

بۆ بەرگرتن لە بەفیڕۆدانی وزەی کارەبا، وەزارەتی کارەبا گۆرانکاری لە نرخی پێدانی کارەبا بەماڵان و شوێنە گشتییەکان دەکات.
لە ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی کاربادا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەو بەفیرۆنەدانی وزەی کارەباو زێدەڕۆیی لە بەکارھێنانیدا، ھەردوو پۆلی ھاوبەشانی کارەبا (ماڵان و بازرگانی) سستمی نرخەکانیان لە بەرزبونەوەدایە، واتا لە مانگێکدا ھاوبەشانی ماڵان و بازرگانی ھەرچەندە کارەبا زیاتر بەکاربێنن نرخی یەکەی کارەبایان زیاتر دەبێت.
ھەروەھا لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارتی کارەبادا ھاتووە، بۆ ئەژمارکردنی پارەی کرێی کارەبا، بەشێک لە ھاوڵاتیان پێیان وایە ئەگەر خوێندنەوەی پێوەرو دەرچونی پسوڵەی کارەبا دوو مانگ جارێک بێت وەک ئەوەی ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی کارەبا پەیڕەو دەکرێت، ئەوا بڕی وزەی بەکارھاتوو بەنرخە بەرزەکان ئەژمار دەکرێت و ھاوڵاتیان لە پێدانی کرێی کارەبا زەرەر مەنددەبن بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی ئەگەر مانگانە خوێندنەوەی پێوەر بکرێت و پسوڵە دەربچێت.
وەزارەتی کارەبا لەو ڕونکردنەوەیەدا ئەوەشی خستۆتەڕوو کە سستمی کۆمپیوتەری و ئەژمارکردنی کرێی کارەبا وادانراوە کە دواکەوتنی خوێندنەوەی پێوەرو دەرچونی پسولە بۆ ماوەی مانگێک یان چەند مانگێک ھیچ کاریگەری نەبێت لەسەر زیادبوونی نرخەکان.
 
ز.ر