پارێزگار تەئكید لە پاراستنی ئارامی دەكاتەوە

رێكخراوی  نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق(یونامی) كۆمسیونی باڵای پەنابەران  UNHCR  بەهاوكاری دەزگاكانی حكومەتی هەرێم لە سلێمانی ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی خێرا بە تەنگ ئاوارەكانی ناوەراستی عیراقەوە بچن كە روویان لە سلێمانی كردووە.
پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەیەنێت ”  پێشوازی لە ئاوارەكان دەكەین، بەڵام پاراستنی ئارامی و ئاسایش خۆشمان بە پلەی یەكەم  لە بەرچاو دەگرین”
 بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی، لەگەڵ بەرێوەبەری باكوری UNHCR و سۆزان مارتن هەماهەنگ كاری یونامی  لە سلێمانی و بەرێوەبەری ئۆفیسی UNHCR لە سلێمانی كۆبووە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە هەر یەك لە قائیمقامی سلێمانی و فەرماندەی لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی  و سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی و سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان و بەرێوەبەری كۆچ و كۆچ بەرانی سلێمانی و لیژنەی فریاكەوتنی پارێزگای سلێمانی و ژمارەیەك بەرێوەبەری پەیوەندیداری پارێزگا ئامادەی بوون، گفتوگۆ كرا لەسەر بەرنامەو پلان و هاوكارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاوارەكانی ناوەراستی عیراق لە سلێمانی.
لەو رووەوە لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسانی یونامی و UNHCR ، ئامادەی خێرای خۆیان بۆ هاوكاری ئاوارەكان دەربڕی و رایانگەیاند ئاگاداری بارودۆخی ئابوری هەرێمی كوردستانن بۆ یە دەیانەوێت بە خێرای هاوكاری دەزگاكانی حكومەتی هەرێم بكەن بۆ بەتەنگەوە چوونی ئاوارەكان.
راشیانگەیاند لەرێگەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە بە رەسمی داوای هاوكاری لە یونامی كراوەو رووپێوییەكی مەیدانیان ئەنجامداوەو بۆ لێكۆڵینەوە لە پێداویستی ئاوارەكان.
ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد، ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەكان لە ناوچەكانی گەرمیاندا هەن شونێك دیاریكراوە هاوكاری دەیكەین و كەمپێك بۆ ئاوارەكان ئامادە دەكەین.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی كارەكانی پێشووتری یونامی و UNHCR بەرز نرخاند بۆ هاوكاری ئاوارەكان  هیوای خواست كارەكانی داهاتوویان باشتر بێت.
پارێزگار رایگەیاند پارێزگای سلێمانی سنورێكی زۆری بە ناوچە نائارامەكانەوە هەیەو ئەگەری زۆربوونی ژمارەی ئاوارەكان هەیە پێویستە زۆرتر لە جاران هاوكاریمان بكەن.
پارێزگار ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئاوارەكان لە ئێستادا پێویستی زۆریان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان هەیە  داوای كرد لە یونامی و UNHCR لەگەڵ فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمدا وەك فریاگوزارییەكی خێرا ئاوی خواردنەوەو خواردن و خێمە و W.C بۆ ئاوارەكان دابین بكەن 
پارێزگار وتیشی دەبێت ئامادەكاری بكەین بۆ كردنەوەی كەمپ بۆ ئاوارەكان لەسەر سنورەكان
لە كۆبوونەوەكەشدا بۆ چالاك كردنی رۆڵی رێكخراوەكانی UN لە سلێمانی بۆ هاوكاری ئاوارەكان بریاردرا هەموو رۆژێك كۆبوونەوەی  ئەو رێكخراوانەو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەرێوە بچێت.
بە وتەی بەرێوەبەری  كۆچ و كۆچبەرانیش تەنیا دوێنی 786 خێزان روویان لە گەرمیان كردووەو هەروەها 1200 خێزانی تریش روویان لە شاری چەمچەماڵ كردووە.