هەرزانترین بەنزینی جیهان لە فەنزەوێلایە

فەنزەوێلا لەسەرو ریزبەندی وڵاتانی جیهاندایە لەروی هەرزانی نرخی بەنزینەوە هەریەکە لەوڵاتانی سعودییە و کوەیت-یش لە پلەی دوەم و سێیەمدان.
بەپێی ئامارێکی ئاژانسی بلومبێرگی ئابوری، نرخی گاڵۆنێک (3.7 لیتر) بەنزین لە کاراکاسی پایتەختی فەنزەوێلا بە (0.4) دۆلارە و بەوەش لەسەر ئاستی جیهان هەرزانترین جۆری بەنزین بە هاوڵاتیان دەدات.
ئاژانسی بلومبێرگی ئابوری لە لیستێکدا ریزبەندی (61) وڵاتی جیهانی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، لەدوای فەنزەوێلاوە، سعودییە هەرزانترین بەنزین بۆ هاوڵاتیان دابین دەکات، کە نرخی گاڵۆنێک بەنزین (0.81) دۆلارە و وڵاتی ئیماراتیش لە ریزبەندی شەشەم دایە کە نرخی گاڵۆنێک بەنزین (1.77) دۆلارە.
لەبەرامبەریشدا بەنزین لە نەرویژ و هۆڵەندا و ئیتاڵیا بەرزترین نرخی هەیە بەجۆرێک، گاڵۆنێک بەنزین نرخەکەی لە نێوان (9.34) بۆ (9.79) دۆلارە و بەوەش نرخی بەنزین لەو وڵاتانە (22) هێندەی ئەو نرخەیە کە لە فەنزەوێلا دەفرۆشرێت.