حەڵوای سلێمانی، شیرینییەکی بەناوبانگ ‌ ‌

لەپاڵ کفتەو سەروپێ، شیرینی حەڵوا یەکێکە لەو خواردنانەی بۆتە تایبەتمەندی کەلتووری ‏خواردن لەشاری سلێمانی، خەڵکی ئەو شارە بایەخێکی زۆر بەخواردن دەدەن، بەتایبەتی ‏ئەوانەی بوونەتە تایبەتمەندیی شارەکەیان.‏
‏50 ساڵە حەڵواچییه‌‏
کڕیاره‌کانی حەڵوا تەنیا دانیشتووی هەرێمی کوردستان نین، بەڵکو خەڵکانێکی زۆری بیانی، ‏کاتێ دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، شیرینیی حەڵوا لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە.‏
تۆفیق عەباس ناسراو بەتۆفیقی حەڵواچی تەمەن ٦٨ ساڵ، له‌به‌رئەوەی نزیکەی 50 ساڵە ‏خەریکی ئەو کارەیە، هەم ناوبانگی پەیداکردووەو هەم ئەزموونێکی زۆری تێدا هه‌یه‌.‏
ئەو لەڕێی باپیرییەوە حەزی له‌حەڵواچێتی کردووه‌و لەمنداڵییەوە لەگەڵ باپیری حەڵوای ‏درستکردووە، وه‌ک خۆی دەڵێ: ئێستا حەڵواکەی چۆتە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا.‏
نرخەکەیشی گونجاوە
تۆفیق بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی وت: باوکم پیشەی سەراج بوو، لەماڵی باپیرم کەحەڵوای دروست ‏دەکرد، منیش لەوەوە فێر بووم، خۆشەویستیم بۆ کارەکە، وایکرد زوو فێری بم. سەرەتا لەماڵەوە ‏دروستمان دەکرد و لەدوکانێکی بچووکیشدا دەمانفرۆشت، ئەو کاتە ھاتوچۆی خەڵکی نێوان ‏شارەکان کەم بوو، کڕین و فرۆشتن بەپارەی مەلەکی بوو، دواتر بوو بەپارەی جمھوری، ‏لەبەرنەبوونی ئامێری پێشکەوتوو، زۆربەی کارەکان بەدەست دەکران، جاران حەڵواو گەزۆ ‏گران بوون، بەڵام ئێستا بەھۆی زۆریی داواکاری لەسەری، نرخەکەیشی گونجاوە. ‏
چین و تووێژو نه‌ته‌وه‌کان
لەدوکانەکەی تۆفیق، ھەموو چین و توێژێک و رۆژانە کورد، عەرەب، ئینگلیز و تورک، لەگەڵ ‏بەپرسانی کورد دەچن بۆ کڕینی حەڵوا. ئەو کاتەی پەیامنێری ئه‌نادۆڵ چۆتە دوکانەکەی، چەندین ‏کەسی بیانی و پەرلەمانتارانی کوردستان لەوێ بوون بۆ کڕینی حەڵواو شیرینی. ‏
مەگەر بەمردن دەستبەردار بم
تۆفیق لەبارەی کاری ئێستاوه‌ ده‌ڵێت: ھەموو چین و توێژەکان دێنە ئێرە، بەپرس و کەسانی ‏ئاسایی، زۆر دەمێکە به‌م ئیشه‌وه‌ سەرقاڵم، ناوەکەی بۆتە نازناوم، خەڵکی زۆرینەی وڵاتانی ‏ئەوروپا و رۆژھەڵاتییەکان، ھاتوونەتە ئێرە، وەکو ئەمریکاو سعودیەو حەڵوایان بردۆتەوە. ‏هەروەها خەڵکی لە تورکیاوە دێنە لام و گەزۆ دەکڕن و دەیبەنەوە بۆ وڵاتەکەیان.‏
لەگەڵ فراوان بوونی پیشەکەی، ئێستا تۆفیق کارگەیەکی فروانی حەڵواو گەزۆی لەشاری سلێمانی ‏دروستکردووەو دەڵێ: مەگەر بەمردن دەستبەردارەی ئەو پیشەیە بم.‏
وه‌کو دیاری
شەربیل موبارک ژنێکی لوبنانییە و لەبانکێکی ئەهلیی شاری سلێمانی کاردەکات، ئەو دەڵێ: ‏ھەر جارێ بگەڕێمەوە بۆ لوبنان، وه‌کو دیاری حەڵوای سلێمانی لەگەڵ خۆم دەبه‌مه‌وه‌.‏
شەربیل به‌ئاژانسی ئه‌نادۆڵی راگه‌یاند: حەڵوای سلێمانی زۆر خۆش و بەناوبانگە، ھەر جارێک ‏سەردانی بکەم، دێمە ئەم دوکانە و لەگەڵ خۆم حەڵوا دەبەمەوە بۆ لوبنان، بۆخۆم سەردانی ‏زۆربەی وڵاتانم کردووە، بەڵام شیرینی و حەڵوای سلێمانی تام و چێژێکی تایبەتی ھەیە.‏
سروشتی کوردستان لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی گەزۆ، گەزۆ لەکوێستانەکان بەسەر گەڵای ‏درەختانه‌وه‌ بەتایبەتی مازوو و دار بەڕوودا دەبارێ. دوای بڕینی گەڵای دارەکان، وشک ‏دەکرێتەوە و بەتەکاندن گەزۆی لێ جیادەکرێتەوە. بۆ دەستکەوتنی گەزۆ، زەحمەتی زۆر ‏دەکێشرێ.‏
كوردستانی نوێ‌