دواكەوتنی مووچە، چی لەبازاڕ دەكات؟ ‌

دواكەوتنی مووچە كاریگەری لەسەر جموجوڵ‌و مامەڵەی كڕین‌و فرۆشتن لەناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەشێوەیەك كە بەراورد بەساڵی رابردوو، هاووڵاتیان كەمتر دەچنە ‏بازاڕ بۆ كڕینی شمەك. لەگەڵ ئەوەشدا دواكەوتنی مووچە بازاڕی كز كردووەو كاریگەری كردۆتە سەر هەموو جومگەكانی بازاڕ. تەنانەت دوكانی مریشك فرۆشتن‌و عەرەبانەی قاورمەو ‏چێشتخانەو ریستۆرانتەكانیشی گرتۆتەوە.‏
سەرەگرتن بۆ مریشك نەماوە!‏
ئازاد عەلی مریشك فرۆش ئەوە دەخاتەڕوو، پێش ئەوەی ئەم قەیرانە دروست بێت، رۆژانە لانی كەم 20 مریشكم فرۆشتووە، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە زۆر كەم بۆتەوە‌و هاووڵاتیان ‏بەكەمی مریشك دەكڕن.‏
ئەو مریشك فرۆشە بۆ كوردستانی نوێ وتی:»پێشتر كڕیاران سەرەیان دەگرت بۆ كڕینی مریشك، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نەماوە، هەرچەندە ئێمە نرخمان جێگرە، بەڵام وابڕوات دەبێت ‏نرخی فرۆشتنی مریشك كەم بكەینەوە، بۆئەوەی هاووڵاتیان بتوانن بیكڕن».‏
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی قەیرانی دواكەوتنی مووچەوە، زۆرێك لەدوكان‌و سۆپەرماركێتەكان نرخیان دابەزاندووە‌و داشكاندنی بەرچاویان كردووە، بۆئەوەی هاووڵاتیان بتوانن ‏شمەكەكانیان بكڕن، ئەوەتا دوكانێك لەشەقامی بەختیار كەتایبەتە بەپۆشاكی ژنان، پارچەیەك دەكڕی‌و پارچەیەكی دیكەش بەدیاری وەردەگری.‏
كەی مووچە دەدرێت؟
سستی جموجۆڵەكانی بازاڕ، زۆرێك لەدوكان‌و بازاڕەكان ناچارن داشكاندنی گەورە بكەن، بۆئەوەی كڕیاران سەردانیان بكەن‌و شمەكەكانیان بفرۆشرێت. تائێستاش دیار نییە كەمووچەی ‏فەرمانبەران كەی چارەسەر دەكرێت.‏
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەی رۆژی 23/2/2013 لەگەڵ نوێنەرانی كورد لەئەنجومەنی نوێنەران‌و حكومەتی عیراق‌و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرایكرد، ‏كەحكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچەی دوو مانگی مووچەخۆران بدات. رۆژنامەنووسێكی ئابووریش دەڵێت:»حكومەتی هەرێم دەیتوانی سوود لەزۆر لایەنەوە وەربگرێت، بۆ دابین ‏كردنی مووچەی فەرمانبەران، وەك پارەی شیرینی گرێبەستەكانی نەوت. هەروەها سوودی لەوەبەرهێنان‌و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی وەربگرتا نەك تەنیا گرنگی بەسێكتەری نەوت بدات».‏
قەیرانی ئابووریی كوردستان‌و نەمانی پارە لەبانكەكاندا، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ كورتهێنانی بودجەی ساڵانی (2010و 2011و 2012و 2013)، كەقەربارەكەی بەنزیكەی شەش ‏تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.‏
جموجۆڵی بازاڕ سست بووە
رێكەوت محەمەد زەكی رۆژنامەنووسی ئابووری پێیوایە، نەبوونی مووچە كاریگەری لەسەر بازاڕو نرخ كردووە، هەرچەندە پێویستە لەم قۆناغەدا نرخ گۆڕانكاری بەسەردابێت، چونكە ‏كەخواست نەبێت، پێویستە نرخ دابەزێت.‏
ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی خستەڕوو، تادواكەوتنی مووچە بەردەوام بێت، پێشبینی دەكرێت نرخی كاڵا‌و شمەك زیاتر دابەزێت، بەڵام ئەوەی گرفت دروست دەكات ئەوەیە، كەفرۆشیار ‏ئامادەیە لەم كاتەدا داشكاندن بۆ كاڵاكانی بكات، كەبێگومان قەزانجیش دەكات، كەواتە پێشتریش دەیتوانی نرخ بهێنتە خوارەوە، بەڵام نەیهێناوەتە خوارەوە بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بخاتە ‏سەری.‏
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، رێكەوت محەمەد وتی:»بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە مووچەخۆرن، كەمووچە دوابكەوێت ئەوكات ناتوانن بچنە بازاڕو شمەك بكڕن‌و پارە خەرج ‏بكەن، بۆیە تاك كەپارەی خەرج نەكرد، بازاڕ سست دەبێت، ئەوەش وادەكات كەدوكان‌و بازاڕەكان داشكاندن بكەن، هەرچەندە داشكاندنەكانیش وەك پێویست نین». ‏
خواست‌و نرخ
سابیر عومەر سەعید شارەزا لەبواری ئابووری پێموایە، ئێستا هاووڵاتیان پارەیان پێ نییە، بۆئەوەی شمەك بكڕن، ئەوەش وایكردووە جموجۆڵی بازاڕ كزبێت، بەجۆرێك دواكەوتنی مووچە ‏كاردانەوەی لەسەر نرخی شمەك‌و دوكان‌و بازاڕ كردووە.‏
وتیشی:»نەبوونی مووچە، بازاڕی وەستاندووە، بۆیە فرۆشیارو دوكانەكان بۆ ئەوەی بازاڕیان سست نەبێت، ناچارن نرخ دابەزێنن‌و داشكاندن بكەن، بۆئەوەی هاووڵاتیان‌و كڕیاران بچنە ‏بازاڕو شمەكەكانیان ساغ بكەنەوە، چونكە كەبازاڕ سست بوو، جموجوڵی بازرگانیش سست دەبێت‌و ئەوەندەی تر كاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت».‏
سابیر عومەر ئەوەشی روونكردەوە، پێویستە دوكان‌و فرۆشیار قازانجی زۆر نەخەنە سەر كاڵاو شمەكەكانیان، بۆئەوەی هاووڵاتیان توانای كڕینی شمەكیان هەبێت. وتیشی:» كەخواست ‏لەبازاڕدا كەم بوو، ئەوكات نرخ دادەبەزێت».‏
كوردستانی نوێ‌