دكتۆر روشدی رایكرد ‌و دەست بەسەر پرۆژەكانیدا گیرا

روشدی سەعید، سەرۆكی كۆمپانیای عادل موتەحیدە بۆ وەبەرهێنان، سەرجەم پرۆژەكانی لە هەرێمی كوردستان لێ سەندراوەتەوە‌و ئێستاش شوێنی نادیارە.
بەپێی هەواڵێكی تۆڕی میدیایی رووداو ، دكتۆر روشدی، وەبەرهێنەر و سەرۆكی كۆمپانیای عادل موتەحیدە، سەرجەم پرۆژەكانی لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە لێ سەندراوەتەوە، كە دیارترینیان پرۆژەی (دەشتی بەهەشت) لە هەولێر و (ستی ستارز) لە دهۆك لەگەڵ چەند پارچە زەوییەكی دیكە كە بۆ پرۆژەی دیكەی وەریگرتبوون.
نەورۆز مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر، زانیارییەكانی روودای پشتڕاستكردەوەو گوتی “لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە بۆ ئەوەی كاری هاونیشتمانیان نەوەستێت ‌و پرۆژەكان بدرێنە كەسانی دیكە”.
روشدی سەعید جگە لە پرۆژە نیشتەجێبوونەكانی، پرۆژە میدیاییەكانیشی راگیراون، كە بریتیبوون لە هەردوو كەناڵی AUC و AUC2، كە زیاتر لەڕێی ئەم دوو كەناڵەوە خۆی ناساند و لێیانەو  بانگەشەی بۆ لیستەكەی دەكرد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەناوی (العراق..خیر والعگا‌‌و).
رووداو چەندجارێك پەیوەندی بە ژمارە تایبەتەكەی روشدی سەعیدەوە كرد، بۆئەوەی لێدوان لەم بارەیەوە بدات، بەڵام لە وەڵامی رووداودا گوترا كە ئەو ژمارەیە فرۆشراوە‌و خاوەنەكەی كەسێكی دیكەیە. هەرچەندە دیار نییە ئێستا دكتۆر روشدی لەكوێیە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی دەستەی وەبەرهێنان هێشتا لە عێراقەو نەچووەتە دەرەوەی وڵات. 
روشدی سەعید لەم چەند ساڵەی دواییدا وەك وەبەرهێنەرێكی خێرخواز خۆی دەرخست و لەڕێی كەناڵە راگەیاندنەكانییەوە كارەكانی رۆژانەی بڵاودەكردەوە. بەڵام دەگوترا ئەو كەو پارەیەی هەیەتی لە عودەی كوڕی سەدام حوسێنەوە بۆی بەجێماوە، بەڵام خۆی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەوەی رەتكردەوەو گوتی “هیچ بەڵگەیەك نییەو لەو كاتەی كە هاتوومەتە هەرێمی كوردستان كەس نەیتوانیوە مونافەسەیەكی شەریفانەم بكات ئەو مونافەسانەی كە دەكرێن ناشەریفانەن”.