مونتەدای ئابووری جیهان،ئێران و ئیسرائیل كۆدەكاتەوە

ئێران و ئیسرائیل دوو دوژمنی لەمێژینەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە زۆربەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەر شێوەیەک بێت هەمیشە پەیوەستە بە یەکێکیانەوە یان بە هەردوو لایەنەوە، بۆ یەکەم جار لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی فراواندا کۆدەبنەوە، ئەم کۆبوونەوەیەش دانیشتنەکانی مونتەدای ئابووری جیهانییە.
رێکخەرانی دانیشتنەکانی ئەمساڵی رێکخراوی مونتەدای ئابووری جیهانی، رایانگەیاندووە حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەردووکیان ئامادەی مونتەدای رێکخراوی ئابووری جیهان دەبن، کە بڕیارە لە ٢٢ تا ٢٥ ی ئەم مانگە لە شاری داڤۆس لە سویسرا ئەنجام بدرێت.
مونتەدای ئابووری جیهانی رۆژی پازدەی ئەم مانگە ناوی هەموو ئەو میوانانە ئاشکرا دەکات، کە لەو کۆبوونەوانە بەشدار دەبن، بەڵام گوتەبێژێک بەناوی رێکخراوەکە ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردووەتەوە، کە روحانی و ناتانیاهۆ هەردووکیان میوانی ئەم کۆنگرەیە دەبن، سەبارەت بەوەی ئایا ئەم دوو سیاسییە رکابەرە لە کۆبوونەوەکاندا چاویان بە یەک دەکەوێت، یان ئەگەری گفتوگۆکردن لەنێوانیاندا هەیە،  تا ئێستا روون نەبووەتەوە.
ئێران و ئیسرائیل لە زۆربەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یان بەشێکن لە کێشەکان یان هەندێک جار راستەوخۆ و هەندێک جار ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کێشەکانەوە هەیە، پرۆسەی ئاشتی فەلکەستی ئیسرائیل، خۆی کێشەیەکی ئیسرئیلییە، بەرنامە ئەتۆمییەکان کێشەیەکی ئێرانییە، هەردووکیشیان دەست لە کێشەی یەکدی وەردەدەن، کێشەی سووریا، ئێران ناڕاستەوخۆ بەشدارە، کێشەکانی عێراق بۆ ئێران کێشەیەکی دیکەیە، کە بەردەوام ئێران بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ئیسرائیل لە هەموو دەستتێوەردانێکی هەرێمی ئێراندا قسەی خۆی هەیە و هەر زوو نیگەرانییەکانی بۆ جیهان ئاشکرا دەکات.
بەشداربوونی ئەم دوو هێزە لە کۆبوونەوەیەکی وەهادا، ئەگەری چاوپێکەوتنی ئەو دووانەی لێدەکەوێتەوە، هیچ نەبێت شارەزایانی سیاسی چاوەڕێی سڵاوکردنێکی هاوشێوەی نێوان باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و راوڵ کاسترۆ سەرۆکی کوبا دەکەن لە مەراسیمی رێزلێنانی نێلسۆن ماندێلادا، کە دواتر تا رادەیەک گفتوگۆی گۆڕینی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کوبای هێنایە ئاراوە.
مونتەدای داڤۆس لە ژێر ناونیشانی ” دووبارە پێکهێنانەوەی جیهان” سازدەکرێت، کە  ئەمساڵ یەکەم مونتەدایە لە دوای دەستەبکاربوونی حەسەن روحانی وەک سەرۆکی ئێران، ئەنجام بدرێت. بەرواری دەستپێکردنی دانیشتنەکان هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی کۆنگرەی جنێف٢ سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی سووریا، کە لەو کۆنگرەیەدا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە ئێران بانگهێشت نەکرا.