زستانی ئەمریکا نرخی نەوت بەرزدەكاتەوە

بەهۆی بڵاوبوونەوەی راپۆرتی کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی خاوی ئەمریکا بەهۆی زۆری بەکارهێنانی بەتایبەت لە زستانی ئەمساڵدا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی راپۆرتی فرانس پرێس لە بازاڕی سەنگافورە، یەدەگی نەوتی ئەمریکا رۆژانە 2 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیلی لەمساڵدا بەهۆی بەکارهێنانی لێ کەمبووەتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر چاوەڕواندەکرا یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە تەنیا بەرێژەی رۆژانە 600 هەزار بەرمیل کەمبێتەوە.
نرخی نەوتی سووکی ئەمریکا ناسراو بە وێست تەگزاس ئێنتێرمیدیەیت، 30 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 92 دۆلار و 60 سەنت.
نرخی نەوتی خاوی برێنتی دەریای باکووریش 33 سەنت بەرزبووە و گیشتە  107 دۆلار و 48 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.
بەهۆی بەسەربردنی زستانێکی سارد، رێژەی بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.